شیعەكان لە مووسڵ تۆڵەی كوشتنی ئیمام حوسێن دەكەنەوە

:: PM:12:02:12/10/2016 ‌
رێبەری گشتیی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشكرای كرد، لە شەڕی مووسڵ تۆڵەی كوژرانی ئیمام حوسێن دەكەینەوە، ئەوانە نەوەی ئەو كەسانەن كە ئیمام حوسێنیان كوشت، بۆیە تۆڵەیان لێ دەكەینەوە.

قەیس خەزعەلی لە رێوڕەسمی شیعەكان لە شاری حیللەی سەنتەری پارێزگای بابل گوتی، بە پشتیوانی خودا رزگاركردنی مووسڵ درێژكراوەی دەوڵەتی دادپەروەرییە.

هەروەها گوتی، رزگاركردنی مووسڵ تۆڵەكردنەوەی كوشتنی حوسێنە، چونكە ئەو كەسانەی ئێستە لەوێن نەوەی ئەوانەن كە حوسێنیان كوشت.

بەستنەوەی شەڕی مووسڵ بە تۆڵەكردنەوەی كوشتنی ئیمام حوسێن قوڵكردنەوەی زیاتری كێشە و ململانێكانی نێوان شیعە و سونەی عێراقە، ئەمەش لەكاتێكدایە سونەكانی عێراق بەگشتی ماوەیەكە دەنگیان هەڵبڕیووە و دژی بەشداری میلیشیاكانن لە جەنگی رزگاری مووسڵ، دەترسن هاوشێوەی دیالە و تكریت و ئەنبار و فەلووجە میلیشیاكان كۆمەڵكوژی سونەكان بكەن، لەم دواییەش ئامارێك ئاشكرابوو، كە شیعەكان تەنیا لە دیالە 250 مزگەوتی سونەكانیان تەقاندووەتەوە و وێرانیان كردوون و لە شوێنیان حوسێنییە دروست دەكەن.

میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق  كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە رێبەرایەتی دەكرێن، یەكێك لە گرووپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، پێشتر بەهۆی تێكدان و وێرانی و ئاژاوەگێڕییەوە لەلایەن فەرماندەیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە دووزخورماتوو دوورخرانەوە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری كێشەكان لە نێو میلیشیاكانی شیعە كە لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵكی خورماتوو ڕووی دەدا، دەركەوت لەلایەن میلیشیاكانی  عەسائیبی ئەهلی حەق فیتنە و ئاژاوە و دووبەرەكی هەڵگێرسێنراوە.

لە ساڵی 61ی كۆچی لە كەربەلا سوپای حوسێنی كوڕی ئیمام عەلی لەگەڵ سوپای یەزیدی كوڕی معاویەی دووەم خەلیفەی ئەمەوییەكان ڕووبەڕووی یەكبوونەوە و سەرەنجام سوپای یەزید سەركەوت و ئیمام حوسێن و منداڵەكانیان كوشت، لەو رۆژەوە شیعەكان هەموو ساڵێك لە 10ی موحەرەم ماتەم دەگێڕن و بە زنجیر و چەقۆ لەخۆیان دەدەن و جلی ڕەش دەپۆشن.

وشە/باز ئەحمەد.




وشە - باز ئه‌حمه‌د