بەرپرسانی گەرمیان لەشكڕی كچانی ئاوارەن

:: PM:01:02:03/12/2016 ‌

ئاشكرابوونی چەند حاڵەتێكی لەشفرۆشی بە كچانی ئاوارە لە كەمپەكانی گەرمیاندا، نیگەرانی لە ئاستی ئاوارەكان و خەڵكی ناوچەكە و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەدوای خۆیدا هێناوە. چالاكانی دەڤەرەكە ئاشكرای دەكەن، "لەشكڕەكان بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی ناوچەكەن و ناگیرێن".

بێستوون ژاڵەیی بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە یەكەی كارگێڕیی گەرمیان بە"وشە"ی راگەیاند، "لە كەمپی تازەدێ‌ لە سنووری گەرمیان، باوكێك لەشفرۆشی بە كچێكی خۆی و كچێكی تر كردووە و ئاشكرا بووە و گیراوە".

روونی دەكاتەوە "باوكەكە كچەكانی بۆ دەرەوەی كەمپ بردووە و لەشفرۆشی پێ كردوون، جگە لە كچەكەی خۆی، كچی دووەم، دایك و باوكی نەماوە و لەلای مامی ماوەتەوە، بەڵام مامەكەی فەرامۆشی كردووە، بۆیە بازرگانی پێوە كراوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو كچانەی لەشفرۆشییان پێوە كراوە، تەمەنیان لە نێوان 20-23 ساڵە و ئەو پیاوەش بازرگانی پێوە كردوون و باوكی یەكێك لە كچەكانە، تەمەنی 49 ساڵە.

بەگوتەی ئافراسیاب محەمەد بەڕێوەبەری كارگێڕیی كەمپی تازەدێ لە گەرمیان، 450 خێزانی ئاوارە لەو كەمپەدا دەژین كە خەڵكی رۆژئاوا و پارێزگای دیالەن. ئەو دەڵێ‌، "رێوشوێنەكان توندوتۆڵ كراون بۆ رێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو". بەڵام بێستوون ژاڵەیی ئەوە دەخاتە روو كە "دوای ئاشكرابوونی لەشفرۆشییەكە، باوك و كچەكە رەوانەی ناوەڕاستی عێراق كراونەتەوە و كچەكەی تریش رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە".

چالاكانی مەدەنی و بواری ژنان دووپاتی دەكەنەوە، چەند حاڵەتێكی تری لەشفرۆشی بە كچان لە كەمپەكانی سنوورەكەدا ئاشكرا بوون، بەڵام لەشكڕەكان لە كەسانی دەستڕۆیشتوون و ناگیرێن. گوڵباخ حەسەن چالاكی مەدەنی و تیمی پێشووی رێكخراوی "وای" ئەڵمانی لەو سنوورەدا، بە "وشە" دەڵێ‌، "زۆربەی ئەو كەسانەی لەشفرۆشی بە ئاوارەكان دەكەن، بەرپرسانی باڵا و دەستڕۆیشتووی ناوچەكەن". زیاتر دەڵێ‌، "نزیكەی حەوت حاڵەتی لەشفرۆشی بە كچانی ئاوارە تۆمار كراوە".

دووپاتی كردەوە، "دەزگە تەناهییەكان ئاگەدارن، بەڵام ئەنجامدەرانی بازرگانیكردن بە كچان و كڕیارەكان، چونكە بەرپرسانن یان نزیكن لە بەرپرسانەوە، ناگیرێن".

خەبات رەشید بەڕێوەبەری نووسینگەی گەرمیانی مافی مرۆڤ بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئێمە داوامان لە یەكەی كارگێڕیی گەرمیان كردووە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەی لەشفرۆشی بەو دوو كچەوە بكرێت".

هاوكات رائید عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ "وشە" دەڵێ‌، "جگە لەلایەنی تەناهی، پرسەكانی تایبەت بە ئافرەتان، كاری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ئافرەتانە".

لە گەرمیان بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان هەیە، ئەوان پێیان وایە لەشفرۆشی لەناو ئاوارەكاندا بەهۆی هەژارییەوە رووی داوە.

لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕٍوو كە "راستە حاڵەتی لەشفرۆشی بە كچان هەبووە، هەر كەسوكاری كچەكان خۆیان بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە ئەو كارەیان كردووە".

ئاشكرای كرد، "لەشفرۆشی بە كچان بە نهێنی ئەنجام دەدرێت، تەنیا مەگەر كچە بازرگانی پێوەكراوەكان یان بەكارهێنەرانیان بگیرێن كە تا ئێستە دوو كچ و پیاوێك بەو هۆیەوە گیراون".

گەرمیان- سەبری هۆرینی


وشە - تایبه‌ت