لە مەریوان دوو خوشك خۆیان كوشت

:: PM:09:30:04/06/2018 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆكەی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوو خوشك خۆیان كوشت و تەرمەكانیان ڕەوانەی پزیشكی دادوەری شارۆكەكە كراوە.

لەبارەی ڕووداوەكە، غوڵام مورتەزایی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شارۆكەی مەریوان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی "تەپەموسكی" ناو مەریوان دوو خوشك خۆیان بەپەتدا هەڵواسی و كۆتاییان بەژیانیان هێناوە.

زیاتر گوتی، ئەو دوو خوشكە تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵدا بووە و خەڵكی مەریوانن و دواتریش تەرمی هەردوو خوشكەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی نەخۆشخانەی بوعەلیی مەریوان كراوە.

بەرێوەبەری نەخۆشخانەی مەریوان ڕوونی كردەوە كە هێزەكانی پۆلیسی مەریوان لێكۆڵینەوەیان لەو رووداوە دەست پێ كردووە و پەڕاوی یاسایی بۆ رووداوەكە كراوەتەوە، بەڵام هێشتا هۆكارەكەی دیار نییە.

شارۆكەی مەریوان، هاوسنوورە لەگەڵ شارۆكەی پێنجوێن لە هەرێمی كوردستان و سەر بەپارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لەم ساڵانەی دوایدا ڕێژەی خۆكوشتنی ژنان لەو شارۆكەیەدا ڕووی لە زیادبوون كردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم