پێوەندی نێوان كەمخوێنی و بەڕۆژووبوون چییە؟

:: PM:03:17:05/06/2018 ‌
ئەو كەسانەی تووشی كەمخوێنی دەبن، هەمیشە لە دڵەڕاوكێی ئەوەدان بەڕۆژووبوونیان كاریگەری لەسەر ڕێژەی خوێنیان دەبێت یا نا، ئەگەر هەیبێت چۆن كاریگەرییە نەرێنییەكە كەم بكرێتەوە و لە چ كاتێكدا و چ جۆرە نەخۆشییەك و كام ڕێژەی كەم خوێنی نابێت بەڕۆژوو ببێت.

د. كاوە حەمەدەمین پزیشكی نەخۆشییەكانی خوێن، لە ڕێی "وشە"وە باس لە كەمخوێنی و نیشانەكانی دەكات و هۆشیار دەدات لەبارەی بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزان و جۆری خواردن بۆ ڕۆژووەوانی كەمخوێنی و دەڵێت، نەخۆشی كەمخوێنی بریتییە لە كەمبوونەوەی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا، ئاستی كەمخوێنی لە ژنان و پیاواندا جیاوازە، لە پیاواندا كاتێك بە كەمخوێنی هەژمار دەكرێت كە ڕێژەی هیمۆگۆڵۆبین لە خوێنیدا ٪٨٥ كەمتر بێت، لە ژنانیشدا كاتێك دەبێت كە ٪٧٥ كەمتر بێت، كەمخوێنی نەخۆشی نییە، بەڵكو نیشانەیە بۆ چەندان نەخۆشیی تر، بۆیە ئەو كەسانە كە كەمخوێنن دەبێت ئاگاداری باری تەندروستییان بن زیاتر لەو كەسانەی كە نەخۆشی تریان هەیە، لە مانگی رەمەزانیشدا دەبێت بە وریایییەوە بڕیاری بەڕۆژووبوون بدەن.

ئەو كەسانەی ئەم نیشانانە لە خۆیاندا دەبینن پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكەن.
_ بێهێزی.
_سەرئێشە و سەرسووڕان.
_دڵە كوتە.
_كەم خواردن و زوو بێزاربوون.
_سڕبوونی پەنجەكانی دەست و پێ.
_كەمبوونی توانای تەركیزكردن.
_ كەمخەوی و خەوزڕان.
_تووڕەبوونی زۆر.

ئەو كەسانەی كە نیشانەكانی كەمخوێنییان لێ دەردەكەوێت پێویستە سێ شتی گرنگ بزانرێت لەلایەن پزیشكەوە:
_ئاستی كەمخوێنی (زۆر كەمخوێنە، مامناوەندە، كەم كەمخوێنە).
_هۆكاری كەمخوێنییەكە بزانرێت .
_جۆری كەمخوێنیەكە چییە.
ئەو كەسانەی كەمخوێنن دەبێت زیاتر لە نەخۆشانی تر دوای دەستنیشانكردنی هۆكار و جۆری كەمخوێنی و ئاستی كەمخوێنییەكەیان ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، بۆیە بۆ مانگی ڕەمەزان دەبێت ئاگاداری چەند ڕێنوێنییەكی گرنگ ببن:

_ ڕۆژووگرتن لەبەر ئەوەی هیچ هۆكار نییە بۆ كەمخوێنی و تەنیا سیستەمی خواردن دەگۆڕێت، بۆیە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، تەنیا دوو حاڵەت نەبێت كە ڕۆژووگرتنیان قەدەغە كراوە ئەوانیش ئەگەر ڕێژەی كەمخوێنی زۆر كەم بێت ڕێژەی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا لە حەوت گرام كەمتر بێت، ئەوا نەخۆشەكە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت بەڕۆژوو ببێت، تا جۆری نەخۆشییەكەی دیاری نەكرێت و چارەسەری پێ نەدرێت. یان ئەو كەسانەی كە ڕێژەی ئاسنیان كەمە و هەڵگری تالاسیمیان یان هەستیرای پاقلەیان هەیە، بەڕۆژووبوون هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەریان نییە و دەتوانن بەئاسای بەڕۆژوو ببن.

ئەو كەسانەی كە نابێت بەهیچ شێوەیەك بەڕۆژووبن ئەو كەسانەن كە نەخۆشیی "داسولكە"یان هەیە، هەرچەندە ڕێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە لە كوردستان كەمە، بەڵام هەڵگریشی هەیە، بۆیە پێویستە ئاگاداربن و بەهیچ شێوەیەك بەڕۆژوو نەبن.

هۆشداری بۆ ئەو كەسانەی كەمخوێنن و بەڕۆژوو دەبن، دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكەن.

- خواردنەوەی ئاو شلەمەنییەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك، بەجۆرێك نە هێندە زۆر بێت تووشی سكئێشە و تێكچوونی گەدەت بكات، نە هێندە كەم بێت كە تووشی وشكبوونەوەت بكات، بەڵكو دەبێت لەكاتی جیاواز لەو كاتەی بەڕۆژوو نیت بیخۆیتەوە.

- خواردنی گۆشتی ئاژەڵ و مریشك و ماسی و سەوزە و میوە و ترشەمەنی و مزرەمەنییەكان، چونكە ئەم جۆرە خواردنانە هۆكارن بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاسن بە شێوەیەكی باشتر و بەرچاوتر هەڵبمژن لە ناو ڕیخۆڵە، ئەمەش یارمەتی مۆخی ئێسك دەدات بۆ دروستكردنی ڕیژەیەكی باشتر لە خوێن.

- ئەو كەسانەی كەمخوێنن نابێت چاو قاوە و خواردنەوە گازییەكان و ئەو خواردنەوانە بخۆنەوە كە كافاینیان تێدایە و بۆ بەهێزكردن بەكار دێن، چونكە كافاین هۆكارە بۆ وشكبوونەوەی زیاتری جەستە كە ئەمە كاریگەری زۆر خراپە بۆ كەسی كەمخوێن.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - سه‌رخێڵ هاشم