سەیركردنی یاریی كلاسیكۆ لە یاریزانانی ئەتلەتیكۆ مەدرید قەدەغە دەكرێ

:: PM:01:51:03/12/2016 ‌

راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاشكرای كرد كە یاریزانانی تیپەكەی سەیری یاریی كلاسیكۆی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید ناكەن.

ئەمڕۆ شەموو سەعات 6:15 بەكاتی كوردستان، لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 14ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە مێوانداریی یانەی ریال مەدریدی ركابەری دەكات.

دییگۆ سمیۆنی راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسپانیا رایگەیاند: بۆ ئەوەی یاریزانانی تیپەكەمان تەواوی سەرنجیان بۆ یارییەكەی سبەی یەكشەم بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆڵ بێت، هیچ گرینگییەك بە یاریی كلاسیكۆ نادەن و تەنانەت سەیریشی ناكەن.

زیاتر گوتی: گرینگترین شت بەلای ئێمەوە، یارییەكەی سبەیە بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆڵ لە گەڕی 14ی خولی ئیسپانیان و گرینگی بە هیچ شتێكی تر نادەین.

سمیۆنی هەروەها گوتی: یاریزانانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید سەیری یاریی كلاسیكۆ ناكەن تا هەموو سەرنجیان بەلای یارییەكەی سبەیەوە بێت.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دوای ئەنجامدانی 13 یاریی لە وەرزی ئەمساڵ 24 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە ریزی چوارەمی یانەكان دێت، لەبەرامبەریشدا یانەی ریال مەدرید 33 خاڵی هەیە و لە ریزی یەكەمە و هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و سڤیلییەش بە 27 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی دووەم و سێیەم دێن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م