وشكبوونی دیجلە كۆچی بەلێشاو بەرەو كوردستان دروست دەكات

:: PM:02:30:07/06/2018 ‌

رووباری دیجلە یەكێك لە دوو رووباری سەرەكی عێراقە كە لە باكوری كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەم رۆژانە ئاوەكەی لە عێراق بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە كە پێوەندی بە سیاسەتەكانی توركیاوە هەیە. پێشبینی دەكرێت ئەگەر ئاوی دیجلە بە بەردەوامی لە لایەن توركیاوە گل بدرێتەوە، ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا عێراق تووشی كارەساتی گەورەی ئابووری و ژینگە و كۆچی بە كۆمەڵ ببێت.

حكوومەتی توركیا هاوشێوەی فورات لەسەر رووباری دیجلەش كۆمەڵێك بەنداوی دروست كردووە كە لە گرنگترینیان بەنداوی ئەلیسویە و لەم دواییانە حكوومەتی توركیا وەك گوشارێكی سیاسیی بۆ سەر عێراق ئاوی بەنداوەكەی لەسەر عێراق گرتووەتەوە.

درێژیی رووباری دیجلە هەزار و 900 كیلۆمەترە و لە ریزبەندی 38ەمین رووباری درێژی دنیا دێت. دەگوترێت یەكێك لە كۆنترین شارستانییەتەكانی دنیا لە نزیك ئەم رووبارە و لە نێوان دیجلە و فورات بنیات نراوە و شارستانیەتی بەینولنەهرێن، میزوپۆتامیا یان رافیدەین ناسراوە.

بناغەی دروستبوونی ئەو شارستانییەتە بە هۆی ئاوی رووبارەكە بووە و خەڵك لە نزیك رووبارەكە دەستیان بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و ژیان كردووە و ئەمەش تا ئێستە بەردەوامە. تا ئەو كاتەی نەوت لە عێراق بدۆزرێتەوە ئابووری عێراق و هەموو ئەو دەسەڵات و ئیمپراتۆرانەی كە لە ناوچەكە حوكمیان كردووە پشتیان بە كشتوكاڵ بەستووە كە بەرەكەتەكەی لە ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات بوون.

زۆر لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە دابینكردنی ئاو بۆ كشتوكاڵ، ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی ماسی پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستن. ئەم رۆژانە كە ئاوی رووبارەكە كەمی كردووە هەڕەشەی وشكبوونی رووبارەكەش لە ئارادایە و لەم كاتەشدا ئەوە دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە عێراق.

ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە بەشێك لەو پارێزگایانە تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوەشیان پشت بە ئاوی رووبار دەبەستن و ئەگەر ئەو ئاوەیان لەسەر بپچڕێت، ئەوا ژیانی ملیۆنان كەس تووشی مەترسی دەبێت و ناچار دەبن بۆ ناوچەیەكی تر كۆچ بكەن.

كاریگەرییەكانی وشكبوونی رووباری دیجلە یەكجار زۆر و بەرفراوانن. ئاوی رووباری دیجلە كاتێك دەگاتە خاكی عێراق بە ناو شاری مووسڵدا تێپەڕ دەبێت. پێش ئەوەی رووبارەكە بگاتە شاری مووسڵ بەنداوی مووسڵ بنیات نراوە كە جگە لە بەرهەمهێنانی كارەبا رۆڵی هەیە لە كشتوكاڵ و بواری گەشتوگوزاری ناوچەكە و بەرهەمهێنانی ماسی و بەشێك لە داهاتی خەڵك پشت بە ئاوی رووبارەكە دەبەستێت.

  ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە كوردستان بۆ "وشە" باسی لە مەترسییەكانی گرتنەوەی ئاوی دیجلە لەسەر عێراق كرد و گوتی، ئەگەر ئەم سیاسەتەی توركیا بۆ گرتنەوەی ئاو درێژە بكێشێت، ئەوا جگە لە داڕمانی چەندان كەرتی ئابووری عێراق، لەوانەیە ببێتە هۆی كۆچی بە كۆمەڵی خەڵك بەرەو هەرێمی كوردستان.

بە گوتەی ئەو ئەندازیارە رووباری دیجلە پێنج لقی سەرەكی هەیە كە گرنگترینیان لە لایەن توركیاوە بەنداوی ئەلیسوی لەسەر بنیات نراوە. ئەو لقە سەرەكییەی لە لایەن توركیاوە گیراوەتەوە داهاتی ئاوی ساڵانەی دەگاتە 20 ملیار مەتر سێجا و بە گرتنەوەی ئەو لقە سەرەكییە ساڵانە 20 ملیار مەتر سێجا لە سەرچاوەی ئاوی دیجلە كەم دەكات.

ئەو روونی كردەوە هەر ئێستە بڕی ئاوی گلدراوی بەنداوی مووسڵ كە یەكێك لە گەورەترین بەنداوەكانی عێراقە بۆ نیوە كەمی كردووە و ئەگەر بەم شێوەیە ئاوەكەی كەم بكات، ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو بەنداوە تووشی مەترسی گەورەی بێئاوی دەبێت و ژینگە و ئابووری ناوچەكە دەشێوێنێت.

 جگەلەمە كاتێك ئەو ئاوە بەرەو خوارەوە شۆڕ دەبێتەوە بە هەریەك لە ناوچەكانی شەڕگات، حەویجە، تكریت، سامەڕا و عیمارە  تێپەڕ دەبێت و تا دەگاتە باشووری عێراق رووبەرێكی فراوان لە زەوی كشتوكاڵی پاراو دەكات. بە درێژایی ئەو ناوچانەی ئاماژەیان پێ كراوە بە ملیۆنان كەس دەژین كە ژیان و گوزەرانیان پێوەستە بەو ئاوەی بە رووبارەكەدا  تێپەڕ دەبێت و ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێت ئەم رووبارە ئاوەكەی وشك بكات یان كەم بكات، ئەوا دەبێتە هۆی دروستكردنی كارەساتی گەورەی كۆچ و تێكدانی كەرتی كشتوكاڵ جگە بەو زیانە فراوانەش كە بە ژینگەی ناوچەكە دەگات.

پێویستە بگوترێت جگە لەم لقە سەرەكییەكەی باكوری كوردستان، رووباری دیجلە لە هەریەك لە رووبارەكانی زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان و ئاوە سپی ئاوی پێ دەگات.

ئەندازیارەكە روونی دەكاتەوە ئەم رووبارانە هەر لە كۆنەوە سەرچاوی ژیان و دەسەڵات بووە لە ناوچەكە و لە كۆندا یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی رووخانی دەوڵەتی بابل بۆ وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات دەگەڕێتەوە و ئێستەش ئەگەر عێراق ئەو ئاوەی نەبێت، ئەوا زۆر لاواز دەبێت.

ئەوەی توركیا بەرانبەر عێراق دەیكات و كردوویەتە دیفاكتۆ، شتێك نییە تایبەت بێت بە ئەمساڵ یان چەند ساڵێك لەمەوبەر، بەڵكو هەر لە كۆتای دەیەی هەشتاوە كاتێك لە توركیا پلانی پڕۆژەی گاپ داڕێژرا دەبوو حكوومەتی عێراق مشووری ئەمەی بخواردایە و چاوەڕوانی رۆژێكی وەك ئەمڕۆی بكردایە.





وشە - سلێمان تاشان