سلێمانی.. لە دوو شوێنی جیاواز تەقەكراوە و ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی

:: AM:11:09:08/06/2018 ‌
پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، شەوی رابردوو لە دوو ڕووداوی تەقەكردندا دوو كەس كوژران و دوو كەسی تریش برینداربوون.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو لەگەڕەكی وڵوبە لە شاری سلێمانی لە ئەنجامی تەقەكردندا هاووڵاتییەك بەناوی (ك ، ع ، ش ) لە دایكبووی 1989 كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو.

پۆلیس ڕوونی كردووەتەوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس تەرمی كوژراوەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كراوە و بریندارەكەیش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی.

پۆلیسی سلێمانی زیاتر دەڵێت، لە رووداوێكی تردا شەوی رابردوو لەسەر رێگای 60 مەتری و نزیك شوقەكانی گۆیژە سیتی لەلایەن ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێكی تر كراوە و بەو هۆیەوە دوو هاووڵاتیی بریندار بوو.
 
هەروەك باسی لەوەیشكردووە كە دوای گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە هاووڵاتیی (پ ، ر ، ع ) لەدایكبووی 1957 گیانی لەدەستدا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم