لەگەڵ مانگی رەمەزاندا كۆمەڵێك لە مامۆستایانی ئاینی لە شاشەكانی تەلەڤزیۆنەوە بەرنامەی ئاینی پێشكەش دەكەن كە زۆرجار بەشێك لەو بەرنامانە هیچ پێوەندی بە ئاینی ئیسلام و مانگی ڕەمەزانەوە نییە، بەڵكو بەشێك لەو مەلایانەی بەرنامەكان پێشكەش دەكەن، دەچنە ناو وردەكاریی ژیانی كۆمەڵایەتی هاووڵاتییانەوە، بەتایبەت ئەگەر پێوەندییە تەلەفۆنییەكە لە ڕێی ژنانەوە بێت.
لە هەرێمی كوردستان سەرباری ژمارەیەكی زۆر لە مەلای ئاینی، كۆمەڵێك تەلەڤزیۆنی تایبەت بە بەرنامە ئاینییەكان هەن كە ماوەیەكە ئەم تەلەڤزیۆنانە دەستیان كردووە بە بەرنامەی ڕاستەوخۆ و وەرگرتنی پێوەندیی هاووڵاتییان، بەڵام زۆر لە پێوەندییەكان لەلایەن ژنانەوە دەكرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی كە لەلایەن یەكێك لە مەلاكانی هەولێرەوە پێشكەش دەكرا، لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆدا ژنێك داوای كرد كە بە مێرد بدرێت و ڕاستەوخۆ مەلایەكەیش وەك خۆی گوتی، "مواسەفاتی لێ وەرگرت و بەمێردی دا". ئەم وردەكارییەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و توێژەرانی كۆمەڵایەتی بە مەترسیی پێناسەی دەكەن.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناتوانێت ئەم جۆرە بەرنامانە كۆنترۆڵ بكات و دووپات لەوەیش دەكەنەوە كە "لە ڕێی لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان ئەوقاف و وەزارەتی رۆشنبیری كار لەسەر ئەو جۆرە بەرنامانە دەكەن". بەڵام یەكێتیی زانایانی ئاینی هەر نایەوێت لەوبارەیەوە قسە بكات.
نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، تەلەڤزیۆنەكان پێوەندییان بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەیە، وەزارەتی ئەوقاف ناتوانێت بڕیار لەسەر داخستنی بەرنامە و تەلەڤزیۆن بدات. ڕوونی كردەوە "لیژنەیەكی هاوبەش هەیە لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ ئەوەی ڕێنوێنی ئەو كەناڵانە بكرێت و سەرپێچی نەكەن، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئەو بەرنامانە نییە كە خزمەتی ئاین دەكەن، بەڵام هەر بەرنامەیەك بۆ شتی تر بقۆزرێتەوە یان پەیامێكی سیاسیی لەگەڵ بێت ئەوە ڕەت دەكرێتەوە".
مامۆستایەكی ئاینی پێی وایە، پێویستە پێداچوونەوە بە بەرنامەی كەناڵەكانی ناوخۆدا بكرێت و بزانرێت كێ و چۆن بەرنامەی ئاینی پێشكەش دەكات.
د. بەشیر خەلیل حەداد وتارخوێنی مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر، بە"وشە" دەڵێ، بۆ هەرێمی كوردستان ئەو ژمارە زۆرەی كەناڵی ناوخۆیی و ئاسمانیی كوردی زۆرە و پێویستە حكوومەت پێداچوونەوەیان بۆ بكات، چونكە زیاتر لە 120 كەناڵی ناوخۆ مۆڵەتی كاركردنیان پێ دراوە. حەداد روونی كردەوە "ئەو زۆرییەی هەیە بەرهەمی خراپ دروست دەكات، هەمووان هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵك ڕابكێشن".
ئەو مامۆستا ئاینییە دەڵێت، بەرنامەی ئاینی پێویستە، بەڵام پێویستە لایەن خەڵكی شارەزاوە بێت و چاودێری بخرێتە سەر پێشكەشكردنی. دووپاتیشی كردەوە "دەبێت ئەو بەرنامانە سنووردار بكرێن و ڕێك بخرێنەوە كە وەزارەتی ئەوقاف و ڕۆشنبیری رۆڵیان هەبێت، چونكە ئێستە ئاستی ئەو بەرنامە ئاینییانە گەیشتووەتە ئەوەی فتوای تێدا دەدرێت كە ئەوە پێچەوانەوەی رێنوێنی وەزارەتی ئەوقافە".
لەبارەی ئەوەی هەندێك لەو بەرنامە ئاینییانە وایان لێ هاتووە ژن و ژنخوازی تێدا دەكرێت. ئەو مامۆستا ئاینییە گوتی، گونجاو نییە و ئەوە پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەیە، دەبێ كەسی شیاو لەسەر شاشە بەرنامەی ئاینی پێشكەش بكات.
بەڵام توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێی وایە، بە درێژایی مێژوو مەلاكان ویستوویانە ئیستغلالی خەڵك بكەن و مینبەرەكانیان بۆ دەستوەردان لە ژیان خەڵك بەكار بێنن.
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە كە هەندێك جار بەهۆی لاساییكردنەوە و هەندێك جاریش بەهۆی بێزاریی هاووڵاتییان پەنا بۆ ئەوە دەبەن پێوەندی بە مەلای ئاینییەوە بكەن و بەهۆی نائومێدییەوە پەنا بۆ ئاین دەبرێت.
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە دەڵێ، بە درێژایی مێژوو مەلاكان ویستوویانە ئیستغلالی خەڵك بكەن و مینبەرەكانی خۆیان بەكار بێنن بۆ ئەوەی دەست وەربدەنە ژیانی خەڵك و بەو شێوەیەی دەیانەوێ ئاراستەی بكەن.
ئەڤین دڵنیایە لەوەی ئەوەی روو دەدات لەلایەن مەلاكان لە شاشەكانەوە بە مەترسی ناو دەبات و روونی دەكاتەوە كە "ئەوە پێوەندی بە لاوازیی لایەنی پێوەندیدار هەیە كە ناتوانن كۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە بكەن، هەندێك جار تەلەفۆنی هاووڵاتییان لەلایەن مەلاكانەوە وەك گاڵتەجاڕی بەكار دەهێنرێت".
ئەڤین ئیبراهیم رەتی كردەوە كە مەلاكان بەو كارانەی دەیكەن ببن بە كارەكتەرێكی گەورە و گوتی، مەلا وەك جاران ڕێزی نەماوە و وای لێ هاتووە قسە لەسەر هەموو بابەتێك دەكات و گوێی بۆ ناگیرێت، بەڵام بەشێك لە حزبە ئیسلامییەكان دەیانەوێت مەلا وەك شتێكی گەورە پێشان بدەن.