لە هەولێر نەشتەرگەرییەكی دەگمەن ئەنجام درا

:: PM:08:03:08/06/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای كرد، پزیشكێكی نەشتەرگەری لە شاری هەولێر نەشتەرگەرییەكی دەگمەنی بۆ كچێك ئەنجام دا كە دوو منداڵدانی هەبوو.

بەڕێوەبەڕایەتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە كە لەلایەن حەیدەر سابیر پزیشكی نەشتەركارەوە، نەشتەرگەری بۆ كچێكی تەمەن 14 ساڵ ئەنجام درا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، نەشتەرگەرییەكە بریتیی بوو لە دەرهێنانی هەردوو كیسی چوكلێتی (Chocolate Cyst) لەناو بۆڕی هێلكەدان و كیسی هێلكەدانی ڕاستی كچەكە.

ڕاگەیەنراوەكە ڕوونی كردووەتەوە كە كچەكە دوو منداڵدانی هەبووە و بەناوبڕێك لێكتری جیابووبوونەوە و لە میانەی نەشتەرگەرییەكەدا چارەسەری پێویست و لادانی یەكێكیانی بۆ كراوە.

تەندروستی هەولێر دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەو جۆرە حاڵەتە و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە شتێكی دەگمەنە لە كوردستان.

پێشتریش چەندان حاڵەت و نەشتەرگەری دەگمەن لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر ئەنجام دراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم