بەرپرسی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە كوردستان ئاشكرای كرد، ژمارەیەك پەنابەری كورد كە خەڵكی شاری سلێمانین، لەلایەن توركیاوە دوای گرتنیان ڕەوانەی سووریا كراون و ڕادەستی هێزەكانی بەرەی نووسرە كراون.
ئاری جەلال بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دۆخی پەنابەران لە گرتووخانە و كەمپەكانی توركیا هیچ باش نییە و زۆر خراپە، بەتایبەتی پەنابەرانی هەرێمی كوردستان.
زیاتر گوتی، ئەو پەنابەرانەی لە توركیا دەگیرێن و دەیانەوێ بچنە وڵاتانی ئەوروپا یەكجار زۆرن و بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستانیان تێدایە و تا واژوویان پێ نەكرێ ئازادیان ناكەن، ئەمەیش دوای ڕێككەوتنی توركیا و یەكێتیی ئەوروپا ئەنجام دەدرێ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زانیاریی وردمان پێ گەیشتووە كە هەشت پەنابەری كوردی خەڵكی سلێمانی، لەلایەن توركیاوە ڕادەستی بەرەی نوسرە لە سووریا كراون، پێشتریش 200 پەنابەری تر لە غازی عەنتاب لەوكاتەی خەریك بوو ڕەوانەی سووریا بكرێن، بەهۆی هەوڵەكانەوە توانرا ڕێ لە ناردنیان بۆ سووریا بكرێ.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو وەك پەنابەر ڕوویان لە ئەوروپا كردووە.
سلێمانی/هۆشیار عەلی.