میسی پێشبینی دەكات لە مۆندیال 8 یاریزان دەركەون

:: PM:01:10:09/06/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی پێشبینی كرد 8 یاریزان دەركەون و ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكەن لە یارییەكانی مۆندیالی ئەمساڵی رووسیادا كە بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو دەست پێ بكات.

سەرەتا میسی هیوای خواست ئەمساڵ بتوانێ بۆ یەكەمجار لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی مۆندیال بباتەوە بۆ ئەوەی بەهۆی بەدەستهێنانی ئەم جامەوە ركابەری لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بكات لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی، میسی خۆی و رۆناڵدۆی هەڵنەبژارد بۆ دەركەوتن لەم مۆندیالەدا، بەڵكو پێشبینی كرد 8 یاریزانی تر لەگەڵ هەڵبژاردەكانیان باشترین ئاست پێشكەش بكەن.

ئەو 8 ئەستێرەیەش كە میسی دیاری كردن برێتی بوون لە نیمار و فیلیپ كۆتینیو لە هەڵبژاردەی بەڕازیل، ئەندرێس ئینێستا و داڤید سیلڤا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

میسی هەروەها پێشبینی كرد ئیدین هازارد و كیڤن دی بڕۆین لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیكا باشترین ئاست پێشكەش بكەن، هەروەها ئەنتوان گریزمان و كیلیام مباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا.

لە كۆتاییدا میسی جەختی كردەوە كە مۆندیال ئەمساڵ مۆندیالێكی جیاواز دەبێت بەهۆی بوونی چەندان ئەستێرەی لاو و یاریزانی نوێوە، هیواشی خواست لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئەمساڵ ببێتە پاڵەوان و جامەكە بەرز بكەنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م