چۆن ده‌زانی خوێنبه‌ره‌كانت گیراون؟

:: PM:02:19:09/06/2018 ‌
خوێنبەرەكان زۆر گرنگن و سەرچاوەی گەشە و زیندوویەتی ماسوولكەكانن، چونكە خوێنی پر لە ئۆكسجین دەگەیەنن بەخانە جۆراوجۆرەكانی لەش،ئەگەر خوێنبەرەكان تەندروست بێت دڵ تووشی هیچ گرفتێكی تەندروستی نابێت، بۆیە پێویستە ڕێ لە گیرانی خوێنبەرەكان بگرن، بۆ ئەوەی تووشی ئەم زیانانە نەبن كە لە ئەنجامی گیرانی خوێنبەرەكانی لەشەوە ڕوو دەدات.

یەكەم: گێژی، ئەوە زۆر گرنگە بۆ مێشك كە هەمیشە ئۆكسجینی پێ‌ بگات، بۆ ئەوەی كارەكانی بەباشی ئەنجام بدات. ئەگەر خوێنبەرەكان ببن بە بەربەستێك لە گەیشتنی خوێن بە مێشك، ئەوا مێشك ناتوانێت ئەو ئۆكسجینە وەرگرێت كە پێویستیەتی، ئەمەش هۆكارێكە بۆ سەر سووڕان و گێژبوون لە ئەنجامی گیرانی خوێنبەرەكانەوە ڕوودەدات، چەند هۆكارێكی تریش هەن بۆ گێژبوون وەكو هەوكردنی گوێیەكان، كەمخوێنی، بێهێزی ،كەمبوونەوەی پەستانی خوێن.

دووەم: بێهێزی و شەكەتی، لەكاتی گیرانی خوێنبەرەكاندا ڕێ لە ڕۆیشتنی خوێن دەگیرێت بۆ ماسوولكەكان، بەمەش ماسوولكەكان بێ بەش دەبن لەو ئۆكسجینەی كە پێویستە بە ماسولكە بگات، لە ئەنجامدا بێهزی دروست دەبێت و هەست بە بێهێزی و ماندووبونێكی زۆر دەكەیت وتوانی كاركردنی رۆژانەت كەم دەبێتەوە، دووبارە زۆر شت هەیە كە دەبێتە هۆی بێهێزی و شەكەتی، بۆیە نابێت بەردەوام بیر لە گیرانی خوێنبەرەكان بكرێتەوە.


سێیەم: زیاد ئارەقكردنەوە، ئەگەر هەستت كرد ئارەق زۆر دەكەیتەوە بەبێ‌ ئەنجامدانی جووڵەیەكی جەستەی، پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت، بۆ ئەوەی بە ڕێگایەكی زانستیانە ئەم هۆكارەت بۆ دەستنیشان بكات، لەكاتی گیرانی خوێنبەرەكاندا دڵ بە ڕێژەیەكی زیاتر كار دەكات و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئارەق.

چوارەم: ئازاری قاچ یان ماسوولكەی پوز، ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژ بەپێ‌ رۆیشتیت و هەست بە ماندوویەتی و ئازار لە قاچەكانت كرد، ئەوا لەوانەیە ماسوولكەی قاچەكانت تووشی گیرانی خوێنبەركان بووبێت و ئۆكسجینی تەواو بە ماسوولكەكانت نەگات، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكێك بكەیت بۆ چارەسەركرنی. شارەزایانی پزیشكی دەڵێن ،زۆر شتی تر هەیە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرە ئازارە لە قاچەكان یان ماسزولكەی پوز وەكو هەوكردنی جومگەبی،كەمیی خۆراكی، وشكبوونەوەی دەمار.




وشە - ئاوات ئازاد