ڕژێنی دەرەقی و كاریگەری لەسەر ڕۆژووەوان

:: PM:03:03:10/06/2018 ‌
لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژووبوون كاریگەری دەبێت لەسەر هەموو ئەندامەكانی جەستە، هەر ئەندامێك و بەڕێژەیەك كاریگەری لەسەر دروست دەبێت، تووشبوو بە نەخۆشییە جیاوازەكان، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا ترسی كاریگەرییە خراپەكانی بەڕۆژووبوونیان لەلا دروست دەبێت، توشبووانی ڕژێنی دەرەقی "غودەی دەرەقی" كە نەخۆشییەكی بڵاوە و ژمارەی تووشبووانی ساڵ لەدوای ساڵ لە زیادبووندایە، لە مانگی ڕەمەزان پێویستە ئاگاداری ڕێنوێنییەكانی پزیشك ببن.

د. یوسف بەهائەدین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو ڕژێنەكان باس لە ڕژێنی دەرەقی و جۆرەكانی دەكات  بۆ "وشە" و كاریگەرییەكانی بەڕۆژووبوون بۆ كەسی تووشبوو دەخاتە ڕوو كە لە باسی ڕژێنی دەرەقی دەڵێت، كۆمەڵێك ڕژێن لەناو لەشی مرۆڤدا هەن كە هەریەكەیان فەرمانێك بەجێ دەگەیەنێت، بەڵام ئەو ڕژێنەی لە هەموویان باوترە پێی دەگوترێت ڕژێنی دەرەقی كە "ڕژێنی دەرەقی یا وڕگە ڕژێن" دەكەوێتە ناوەڕاستی پشتەوەی مل  كە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە جێبەجێكردنی زۆربەی فەرمانی كۆئەندامەكانی لەش، لەوانەیش بەرنامەی خۆراكی و ڕاگرتنی پلەی گەرمی و هەندێك جار ئەو ڕژێنە توشی سستی دەبێت، هەندێك جاری تریش ئەو جۆرە هۆڕمۆنەی كە دەیڕژێت زۆر كەمە لەچاو پێوستی لەش، تووشبوو بەپشكنینی تاقیگەی ئاشكرا دەكرێت و دەردەكەوێت.

دیارترین نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
- هەستكردن بە هیلاكی و شەكەتی خاوبوونەوەی جەستە: ئەگەر بەردەوام هەست بەم نیشانانە دەكەن، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشكی تایبەت بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات جۆرەكەی دەستنیشان بكرێت و بخرێتە ژێر چارەسەر.

- ئەستووربوونی ڕووخسار: ئەستووربوونی ڕوومەت بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو نیشانەیەكە بۆ نەخۆشی ڕژێنی دەرەقی، جگەلەوەیش هەندێك كات ئەستووربوونەكە سەرچاوەكان و لێو و زمانیش دەگرێتەوە، لەم بارودۆخەدا نەخۆش بە ئاسانی هەستی پێ دەكرێت و نەخۆشییەكە ئاسانتر دەستنیشان دەكرێت.

- بێباكی و بێ هەستی، كە كاریگەری لەسەر دەروونیان پەیدا بكات و تووشی خەمۆكییان دەكات.

- زیادبوونی كێشی لەش بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو.

- گۆڕانی دەنگ: یەكێك لە گرنگترین نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە دەنگی نەخۆشەكە گڕ دەبێت یان بە تەواوی دەنگی دەرناچێت.

-هەستكردن بە سەرما: هەرچەندە پلەكانی گەرما ئەگەر بەرز ببنەوە، ئەوا ئەو جۆرە كەسانە هەست بە سەرمابوونی جەستەیان دەكەن، هەندێ جار لەرز دەیانگرێت.

- هەڵوەرینی پرچ (قژ): ئەگەر هەستان كرد هەریەك لە تاڵەكانی برۆ و برژانگ و پرچ دەستیان بەهەڵوەرین كردووە، ئەوا یەكێكە لە نیشانە مەترسییەكانی ئەم نەخۆشییە، لەوكاتەدا دەبێت كەسی تووشبوو ئەوە بزانێت نەخۆشییەكەی گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و مەترسیدار.

- وشكبوونی پێست و شەقبوونی: لەگەڵ دەركەوتنی ئەم نیشایە پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، بەتایبەتیش ئەگەر لە ناكاو هەستان بە شەقبوونی ژێر پێیەكانتان كرد.

- تێكچوونی سوڕی مانگاگانەی ژنان، یا لەكاتی تووشبووندا خوێنێكی زۆر دەبینێت، كە دەبێت لەكاتە سەردانی پزیشكی ژنان بكرێت.

- بوونی ئازار لە هەردوو دەستەكاندا: بە تایبەتی كاتێك پاڵەپەستۆ دەخەنە سەر دەمارەكانی دەست و هەست بە بوونی ئازار دەكەن، ئەم ئازارەیش بە زۆری لەكاتی بەیانیان و شەوان هەستی پێ دەكەن.


جۆرەكانی ڕژێنی دەرقی:

- نەخۆشی زۆر كاركردنی ڕژێنی دەرەقی: ئەو كاتە ڕوو دەدات كە ڕژێنی دەرەقی ئەو هۆڕمۆنەی كە دەیڕێژێت زیاترە لە ئاستی پێویستی لەش یان پڕ كاری و زۆر زیاد لە پێویست چالاكی ڕژێنی دەرەقی، هەندێك جاریش هەوكردن، ئەوەی لە زۆرجار ڕژێنی دەرەقی تووشی دەبێت "پڕ كاری یا سستكاری ڕژێنی دەرەقییە" كە هەر یەكەیان بەشیوازێكی جیاواز و بە جۆرێكی جیاواز كاریگەرییان لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە.

- سستی ڕژێنی دەرقی: كاتێك ڕوو دەدات كە ڕژێنی دەرەقی سست دەبێت و ڕێژەی ئەو هۆڕمۆنەی دەری دەبڕێت زۆر كەمترە لەو بڕەی كە لەش پێویستی پێیەتی، لەو كاتەدا ناهاوسەنگی دروست دەبێت و كەسەكە پێویستی بەوە هەیە دەرمان و چارەسەری پێویست وەربگرێت، چارەسەر لەم حاڵەتەدا بە وەرگرتنی یەك حەب دەبێت لە زۆربەی كاتەكان كە حەبەكە بۆ تاهەتایە دەبێت كەسی تووشبوو بیخوات، هەندێ جار كەسی تووشبوو پێویست دەكات دوو حەب بخوات، كە لە مانگی ڕەمەزاندا ئەم جۆرە نەخۆشە ئەگەر بەڕۆژوو بێت كاریگەرییەكی ئەتۆی نابێت كە نەرێنی بێت بەڵكو بەپێچەوانەوە، چونكە ئەوانەی حەبێك یا دوو حەبیشیان هەیە دەتوانن لەگەڵ ژەمی ئیوارە پارشیواندا بیگونجێنن.

- پڕكاری یا زۆركاركردنی ڕژێنی دەرەقی: كاتێك ڕژێنەكە ئەو هۆڕمۆنەی كە دەری دەدات زۆر زیاتەرە لە پێویستی لەش، لەو حاڵەتەدا كەسی تووشبوو چارەسەرەكەی قورستر دەبێت، بە وەرگرتنی حەب ئەویش دوو حەب یا سێ حەب لە ڕۆژێكدا، ئەم جۆرە بەهیچ شیوەیەك ناتوانن بەڕۆژوو ببن، تا ئەو كاتەی نەخۆشییەكەیان دەستنیشان دەكرێت و كەسەكە دەخرێتە سەر وەرگرتنی چارەسەری جێگیر ئەوەیش شەش مانگ یا ساڵێكی پێویستە.


هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - سه‌رخێڵ هاشم