دوای وازهێنانی ریال مەدرید.. بزانە زێدان و خێزانەكەی لە كێ بینراون؟

:: AM:10:57:11/06/2018 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی دوای وازهێنانی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خەریكی گەشتكردن و بەدەستهێنانی ئارەزووەكانییەتی لەگەڵ خێزانەكەی.

زێدان كۆتای مانگی رابردوو دوای بردنەوەی سێیەم ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەفەرمی دەستبەرداربوونی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی راگەیاند.

لەو كاتەوە زێدان كەمتر لە دەزگاكانی راگەیاندن بینراوە و پێدەچێ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی خەریكی بەسەربردنی كات بن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو كە بەهۆی كاری راهێنەرایەتی لێیان دووركەوتبێتەوە.

دوێنێ یەكشەم دوایین جار بوو كە تێیدا زێدان و خێزانەكەی بینران ئەویش لە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتیی تێنسی رۆلان گارۆس بوو كە تێیدا رافایێل نادالی تێنسكاری ئیسپانی جامی پاڵەوانیەتییەكەی بەدەستهێنا دوای بردنەوەی لە تێنسكاری نەمسایی دۆمینیك تیم.

نادال كە خاوەن ریزبەندی یەكەمی تێنسكارانی جیهانە ژمارەی سەركەوتنەكانی لە پاڵەوانیەتیی رۆلان گارۆس كرد بە 86 سەركەوتن بەرامبەر تەنیا 2 شكست و ژمارەی ناسناوەكانی چوار پاڵەوانیەتییە گەورەكەی جیهان كرد بە 17 ناسناو.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م