لووتكەی مەككە و یەكێتیی ئەوروپا تەختی شا عەبدوڵا رزگار دەكەن؟

:: PM:12:03:11/06/2018 ‌


خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی ئوردنییەكان دوای شكست پێهێنانی حكوومەت، شا عەبدوڵای دووەمی ناچار بە وڵاتانی كەنداو كردەوە كە تۆمەتباری كردبوون بە هۆكاری خۆپیشاندانەكان، هاوكات یەكێتیی ئەوروپاش ئامادەی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی ئوردن، ئەمە جگە لە هاوكارییە دارایییە جێگرەكەی ئەمەریكا كە ساڵانە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلارە.

كارەكانی لووتكەی مەككە بەسەرپەرشتی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعوودیە و ئامادەبوونی شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن و شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری دەوڵەتی كوێت و شێخ محەمەد بن راشد ئالمەكتوم جێگری سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات كۆتای هات.

لە لووتكەی مەككە پرسی رزگاركردنی ئوردن تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیان بوو لەو تەنگژە دارایی و ئابوورییەی تێی كەوتووە، دواجار وڵاتانی بەشدار بووی لووتكەكە بڕیاریان دا كە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری دارایی پێشكەش بەو وڵاتە بكەن بۆ دەرچوونی لەو تەنگژە دارایی و ئابوورییە.

خاڵێكی تری بڕیاری لووتكەی مەككە كە بۆ ئوردن زۆر گرنگ بوو، وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بڕیاریان دا تا ماوەی پێنج ساڵی تر

خۆپیشاندانی ئوردنییەكان لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتە لووتكە و هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و پێگەی شا عەبدوڵا دروست كرد، بەڵام خۆپیشاندانەكان دەگەڕێتەوە بۆ 30ی كانوونی دووەم كە جووتیاران لەسەر زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكان خۆپیشاندانیان دەست پێ كرد.

دواتر بەهۆی بەردەوامی بڕیارەكانی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی باج و هەڵگرتنی پشتگیری لەسەر نانەواخانەكان و كۆمەڵێك بڕیاری تریش، ناڕەزایەتییەكان بە پچڕ پچڕی بەردەوامی هەبوو تا سەرەتای ئەم مانگە گەیشتە شارەكان و تەقییەوە.

سێی ئەم مانگە، شا عەبدوڵا بانگهێشتی هانی مولەقی سەرۆك وەزیران كرد، ناچاری كرد دەست لەكار بكێشێتەوە و دەستبەجێ بڕیاری راگرتنی كار پێكردنی زیادكردنی باجەكانیشی راگەیاند.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا شا عەبدوڵا قسە بۆ هەندێك كەسایتی دەكات، خۆپیشاندانەكانی ئوردن گرێ دەدات بە پرسی قودس و هەڵوێستی ئوردن و بەشداریكردنی لە لووتكەی ئیسلامی لە توركیا، لەو گرتە ڤیدیۆیییەدا دەڵێ جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە داوامان لێ دەكات دان بە قودس بنێین وەك پایتەختی ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەوەدا كۆمەكی داراییتان پێشكەش دەكەین.

شا عەبدوڵا لەمەدا سعوودیە و ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات كە دەستیان هەبووە لە هەڵگیرسانی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی.

بەڵام دوای كۆتاهاتنی لووتكەی مەككە و وەرگرتنی كۆمەكی دارایی، شا عەبدوڵا سوپاسی شا سەلمان دەكات بۆ دەستپێشخەرییەكەی لووتكەی مەككە، كە میر محەمەد بن سەلمانی جێگری شای عەرەبستانی سعوودیەش ئامادەی كۆبوونەوەكە بووبوو.

دوای لووتكەی مەككە و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، فیدیریكا موگیرینی نێردەی باڵا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتی تەناهی لە یەكێتیی ئەوروپا رای گەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئوردن پێویستی بە كۆمەكی ئابووری هەیە.

موگیرینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن لە عەمانی پایتەختی ئوردن، ئاماژەی بۆ كۆمەكی یەكێتیی ئەوروپا لەماوەی ساڵانی رابردوو بۆ ئوردن كرد و گوتی، "ئەو پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت و دووپات لەسەر پاراستنی دەكەینەوە".

موگیریبی ئاشكرای كرد كە كار لەگەڵ ئوردن دەكەن بۆ بەستنی رێككەوتنێك بۆ پشتگیریكردنی پرسەكانی پێوەند بە ژن بە بەهای 20 ملیۆن یۆرۆ،  گوتی "100 ملیۆن یۆرۆی تریش ئامادەیە بۆ خەرجكردن بۆ ئوردن، ئەمانە وەك قەرز نین، بەڵكو كۆمەكن".
 
هەوڵەكانی رزگاركردنی ئوردن لە تەنگژەیەكی هاوشێوەی سووریا، لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە دراوسێی ئیسرائیلە و رەوەندێكی زۆری فەلەستینی تێیدا دەژین، بۆیە تێكچوونی باری تەناهی لەو وڵاتە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئیسرائیل دەبێت، رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە هۆكارەكان.

هاوكات شا عەبدوڵا پێش سەردانی بۆ مەككە، عومەر ئەلرزازی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە جێی هانی ئەلمولتەقی.

موگیرینی رای گەیاند كە ئوردن رۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكە دەبینێت و هۆكاری سەقامگیری و هاوسەنگییە، بۆیە دەمانەوێت پشتگیری لەو وڵاتە بكەین بە هەموو ئەوەی لە دەستمان دێت.

جگە لە كۆمەكی ساڵانەی یەكێتیی ئەوروپا كە بەردەوامی هەیە، ئەوا ئەمەریكاش ساڵانە بە بڕی ملیارێك و 275 ملیۆن دۆلار كۆمەكی ئوردن دەكات، لە بودجەی 2018 ئەو كۆمەكە تا ساڵی 2022 جێگیر كراوە كە دەكاتە شەش ملیار و 375 ملیۆن دۆلار.


سەرچاوە/ شەرق ئەوسەت + سوالیف + بی بی سی



وشە - فه‌رمان سادق