یوسین بۆڵتی یاریزانی پێشووی گۆڕەپان و مەیدانی جامایكی و خێراترین مرۆڤی جیهان خونەكەی هێنایە دی و بۆ یەكەمجار لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد لە شاری مانچستەری ئینگلیزی بەشداریی یارییەكی تۆپی پێی كرد و گۆڵێكیشی تۆمار كرد.
یارییەكە خێرخوازی بوو لەنێوان ئەستێرەكانی جیهان و ئەستێرەكانی ئینگلتەڕا كە دوێنێ یەكشەم بەڕێوەچوو.
لە یارییەكەدا جگە لە ئەستێرەكانی تۆپی پێ، چەندان ئەستێرەی یارییەكانی تری جیهانیش بەشدارییان كرد لەوانەش بۆڵت و مو فەڕەحی پاڵەوانی بەرزكەرەوەی ئینگلیزی.
سەرەتا تیپی ئەستێرەكانی تۆپی پێی ئینگلیزی توانیان بە 2 گۆڵ پێش بكەون و گۆڵەكانیش لەلایەن دارین بینت و جیریمی لینچ تۆمار كران، دواتر تیپی ئەستێرەكانی جیهان خۆیان گرتەوە و 3 گۆڵیان لە رێگەی رۆبی كین، خوان سیباستیان ڤیرۆن و كلارینس سیدۆرف تۆمار كرد.
پێش تەوابوونی یارییەكە مایكل ئۆین گۆڵی سێیەمی تیپی ئەستێرەكانی ئینگلتەڕای تۆمار كردەوە و یارییەكە بە ئەنجامی 3-3 گۆڵ تەواو بوو، بەمەش ناوبژیوان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەنجامی یارییەكە پەنای بردە بەر لێدانی سزا.
بۆڵت یەكێك لە لێدانە سزاكانی تیپی ئەستێرەكانی جیهانی بەسەركەوتوو ئەنجام دا و خەونی تۆماركردنی گۆڵی لە یاریی تۆپی پێ هێنایە دی، بەڵام خەونی تیپەكەی نەهاتەدی و تیپی ئەستێرەكانی ئینگلتەڕا لە كۆتاییدا یارییەكەی بردەوە.
ڤیدیۆ.. گۆڵەكان و بەشێك لە دیمەنەكانی یارییەكە