نێچیرڤان بارزانی: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا

:: PM:11:38:03/12/2016 ‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌.

ئەمڕۆ شه‌موو نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ برێت مەكگۆرك نێرده‌ی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كۆبووه‌وه‌ و تێیدا مەكگۆرك خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، دواتر باسی لە پێشكەوتنە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لەو شەڕەدا توانیویەتی سەركەوتنی گەورە و باش لە دژی داعش تۆمار بكات و لەمبارەیەشەوە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانانی بەرز نرخاند.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای دووپات كردەوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی ئەو كێشە هەڵواسراوانەی لە نێوانیاندا هەن بەتایبەتیش بۆ باسكردنی پرۆسە و پلانێكی گشتگیری سیاسی و ئەمنی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ بە تەواوی. جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ بنبڕكردنی داعش و لەمبارەوە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ڕابردو و ئێستادا لە هەردوو بواری سەربازی و مرۆییدا بەرز دەنرخێنن.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و شاندی میوانی دڵنیا كردەوە كە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن لەسەر دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەوڵەكانیشیان لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت تاكو ئاسایش لەو ناوچانە بەرقەرا بێت كە لە تیرۆرستانی داعش پاك دەكرێتەوە.

بە پێویستیشی زانی پلانێكی هاوبەش هەبێت بۆ دروستكردنی متمانە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوا بەتایبەتی ئێزدی و مەسیحییەكان تاكو بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ڕێكاری پێویستیش بەرامبەر ئەو خەڵكانە بگیرێتە بەر كە پاڵپشت و هاوكاریی داعشیان كردووە لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە تاكو جارێكی دیكە ئەو كارەساتە لە ناوچەكە دووبارە نەبێتەوە.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی پەیوەست بە ڕەوشی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەر، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




وشە - كوردۆ شابان