سووتان نەیوەستاندن و دەنگەكان جیادەكرێنەوە.. لایەنە كوردییەكان بۆچوونیان چییە؟
دوای سووتانی بەشێك لە دەنگەكانی بەغدا، قسە لەسەر ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكرێت، ئەگەرچی بڕیارە كۆتای ئەم هەفتەیە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان دەست پێ بكات. سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنیش دەڵێ سووتانەكە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكە نابێت. لە بارەی لایەنە كوردستانییەكانیش، زانا روستایی دەڵێ هیچ ئومێد بۆ كاری هاوبەش لە بەغدا نییە.
پاش نیوەڕۆی دوێنێ یەكشەم 10ی حوزەیران، ئاگرێكی گەورە بەربووە كۆگاكانی پاراستنی سندووقەكانی دەنگدان لە كەرتی رەسافەی بەغدای پایتەخت، بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بەر دەنگی هاووڵاتییان كەوت.
ئەو چوار كۆگایەی سندووق و پێویستییە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدانی تێدا هەڵگیرا بوو، هی وەزارەتی بازرگانی عێراقییە و بەكرێ وەرگیراوە كە دەكەوێتە گەڕەكی گەیلانی لەلای رەسافە ناوەڕاستی بەغدا. لەو چوار كۆگایە بە قسەی سەعد موعن تەنیا یەك كۆگایان سووتاوە كە ئامێری پەنجەمۆری دەنگدەرانی تێدا بووە، ئاگرەكەش لە ماوەی دوو سەعاتدا كۆنتڕۆڵ كرا.
تا ئێستە هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە نەزانراوە، بەڵام زیانەكەی تەنیا بە دەنگی دەنگدەرانی لای رەسافەی گەیشتووە كە نزیكەی دوو ملیۆن دەنگی تێدا بووە لە كۆی چوار ملیۆن و 177 هەزار و 213 دەنگ لە پارێزگای بەغدا كە دابەشی سەر بەشی كەرخ و رەسافە بووە.
سەعد موعن شەوی رابردوو رای گەیاند كە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ دەرخستنی هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە، بەڵام هێشتا لیژنەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە رانەگەیاندووە.
رووداوی ئاگركەوتنەوەكە لە كاتێكدایە رۆژی چوارشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی كردەوە، دوێنێش دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری دەستبەكاربوونی بۆ 27 دادوەر دەركرد كە جێی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بگرنەوە كە ژمارەیان نۆ ئەندامە لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی لقەكانی كۆمسیۆن لە 18 پارێزگاكەی عێراق.
موعن هیتاوی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران شەوی رابردوو رای گەیاند، ئەو ئاگرەی لە یەكێك لە كۆگاكانی رەسافە كەوتووە، هیچ كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت بەوەی كۆپییەكی زانیارییەكان لە نووسینگەی نیشتمانی كۆمسیۆن لە بەغدا هەڵگیراوە، ئەمە جگە لە كاغەزەكانی دەنگدان لەناو سندووقەكان".
دوای بڕیارەكە، رووداوی ئاگركەوتنەوەكەش رووی دا، هەردوو جەمسەری ململانێكاریش لە لێدوانەكانیاندا یەكتریان تۆمەتبار كرد بە سووتاندنی كۆگاكە.
بەڵام عادل نووری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە راستییەكان دەڵێ، ئەندامێكی كۆمسیۆن ئەو كارەی كردووە و بە ئەنقەستیش بووە.
گوتی "تاوانباران و ساختەكاران شوێنەواری تاوانەكانیان سووتاند".
هاوكات ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی و سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەن.
جبووری لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی كرد بەهۆی سووتاندنی كۆگاكانی تایبەت بە سندووقی دەنگدان لە رەسافە. گوتی "ئەوەی كراوە بە ئەنقەست بووە و تاوانی پیلان بۆ داڕێژراو بووە ئامانجی لێی شاردنەوەی ساختەكارییەكانە بە دەنگی دەنگدەران".
جبوری داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی كرد ئەگەر سەلمێنرا یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردن كراوە و ساختەكاری بە ویستی گەلانی عێراق كراوە.
هاوكات ئەیاد عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی و جێگری سەرۆك كۆمار، دەڵێ بە كۆمەڵێك هۆكارەوە پێویستە هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.
عەلاوی لە بەیاننامەیەكیدا كە شەوی رابردوو بڵاوی كردەوە، باس لە ئاگركەوتنەوەكە دەكات وەك هەوڵێك بۆ شكست پێهێنانی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، باس لەوەش دەكات كە لێدوانەكانی ئەمدواییەی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، دواتریش ریاز بەدران سەرۆكی كارگێڕی هەڵبژاردن كە 800 هەزار دەنگی ساختە خرابووە ناو سندووقەكان، ئەمە جگە لە سكاڵا و تانەی لیستەكان كە وایكرد ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانیش دژی كۆمسیۆن بوەستنەوە و رێوشوێنی لەدژ بگرن.
زیاتر گوتی "هەموو ئەوانە وا دەكەن داوا لە نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایش بكەم كە هەڵبژاردنی عێراق دواجار ئاگر سووتاندی".
هاوپەیمانی سائیروون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە هەموو لایەنەكان زیاتر زیان دەكەن بەو پێیەی ئێستە پلەی یەكەمی عێراقییان هەیە، لە ئاستی كوردستانیش رەنگە یەكێتی لە هەمووان زیاتر زیان بكات بەهۆی ئەو تۆمەتە زۆرەی خراوەتە سەر ئەنجامەكانی كەركووك و سلێمانی.
موقتەدا سەدر دوای ئاگركەوتنەوەكەی دوێنێ لە پەیامێكدا مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆی كرد و بێزاری خۆیشی لەوە دەربڕی و رای گەیاند بەسە چیتر لەسەر كورسییەك و پۆستێك و دەستكەوتێك و هەژموون عێراق بەرەو هەڵدێر مەبەن، لە بڕی سووتاندنی سندووقەكانی دەنگدان یان دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن وەرن دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر و وڵات لە چەك و گرووپی میلیشیا داماڵین و چەك تەنیا بەدەستی حكوومەت بێت.
نامە كراوەكەی سەدر بۆ عێراقییەكان كە بە ناونیشانی "عێراق لە مەترسیدایە" دوای سووتانی سندووقەكانی دەنگدان، گوتی "عێراق ئێستە بێ ئاوە، بێ كارەبایە، بێ كشتوكاڵە، بێ پیشەسازییە، بێ سەرمایەیە، بێ ژێرخان و خزمەتگوزاری و ژینگەیەكی شیاو و سنوورێكی پارێزراوە، لە هەموو لایەكەوە دوژمن وەك سەگ گازی لێ دەگرێت".
زیاتر گوتی "هێشتا سێبەری حزبی بەعس و تاریكی و دیكتاتۆریی لە عێراق ماوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان ململانێ لەسەر پۆست نەكەن كاتێك ئەوان بەڵێنیان دا عێراق بكەن بە عێراقێكی نوێ دوای رژێمی بەعس".
پێوەند بە هەرێمی كوردستان، لایەنەكان بەهۆی ئەنجامەكەوە دابەشی سەر دوو بەرە بوونە، بەرەیەكیان ناڕەزایەتی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركووك و سلێمانی و پاشان لە هەولێریش هەیە، ئەو بەرەیە بەرانبەر بە پارتی و یەكێتی وەستاونەتەوە داوای جیاكردنەوەی دەنگەكان بە هی تایبەتەیشەوە بە دەست دەكەن.
لەبارەی كاریگەری ئەم دابەشبوونە، ئارێز عەبدوڵَا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هەر لایەنێكی كوردستانی گلەیی هەیە مافی خۆیەتی رێكاری یاسایی بگرێتەبەر، بەڵام ئەوان بۆ كەركووك لەگەڵ توركمان و عەرەبە شوڤێنییەكان گومانیان خستە سەر شارەكە، هی دووەمیش هەژماركردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و تیرۆر بوو لە كوردستان و چاوپۆشی لە میلیشیاكانی حەشد و سوپای عێراق، ئەمە "سووكایەتییەكی گەورە بوو، كارێكی خراپ بوو، دەبوو لەم دوو بڕگەیە خۆیان بپارێزن".
ئارێز لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دەڵێ، سووتانی سندووقەكانیش لایەنە كوردستانییەكان كۆ ناكاتەوە، دابەشبوونەكە قووڵە و ئاسان نییە بگەن بە ئەنجام.
لەبارەی سووتاندنی سندووقی هەڵبژاردنیش، گوتی "ئەگەر یەك سندووقیش سووتابێت كاریگەری بۆ سەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەغدا دروست دەكات، ئەمەش كاریگەری لەسەر پارێزگاكانی تر دروست دەكات". گوتی "ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پڕ گومانە و كەم كەس هەیە باوەڕی بەو ئەنجامە هەبێت، بۆیە عێراق لە بەردەم دووڕیانێكدایە یان پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانێكی بێ هێز یانیش ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، هەردوو رێیش بۆ عێراق ئاسان نییە".
هاوكات عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" پێی وایە، ئەوەی رووی دا پیلانێك بوو لەلایەن جەمسەری "شكستخواردووەكان" تا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، ئەمەش وایكرد هەر دوای رووداوەكە سەلیم جبووری داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی كرد.
زیاتر گوتی "شەرمەزارییەكی زۆر گەورە بوو بۆ سەلیم جبووری كە پێویستی بە تەنیا بە 100 دەنگێك بوو، نەیهێنا، ئەنجوومەنی ئیسلامیش هەروا، عەبادیش كە پێی وایە پاڵەوانە و دەنگیشی كەم هێناوە، مالیكیش هەروا، ئەوانە رازی نین بە ئەنجامی هەڵبژاردن و نایانەوێت سەدر فراكسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمان پێك بهێنێت و هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە".
عەرەفات كەرەم دەڵێ، ئەگەری زۆرە هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، چونكە لە كوردستان پارتی و یەكێتی قبووڵی ناكەن دەنگی دەنگدانی تایبەت بفەوتێت، موقتەدا سەدریش قبووڵ ناكات دەنگی كەم بكاتەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە.
زانا رۆستایی ئەنجامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ، ئەوانەی لە رەسافە سووتان ئامێری پەنجەمۆر بوون، سندووقەكانی دەنگدان ئەگەر ژمارەیەكی كەمی لێ سووتابێت ئەویش تایبەتە بە لای رەسافەی بەغدا نەك هەموو عێراق، گوتی "ئەوەی سووتاوە لە سندووقەكان گرنگتر بووە".
لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، لە مادەی دووەم هاتووە كە دەبێت كۆمسیۆن لە رێی پەنجەمۆری دەنگدەرانەوە بەدوای دوو دەنگی و ساختەكاری بگەڕێت، كەچی ئەوان ئەو ئامێرەیان سووتاندووە بۆیە كەسانی شارەزا بوونە".
رۆستایی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" گوتی، لەگەڵ ئەوەی رووی دا، ئەوا رۆژی پێنجشەمی داهاتوو جیاكردنەوەی دەنگ بە دەست دەست پێ دەكات، بەرنامەی دەسەڵاتی دادوەریش ئەوەیە لە ماوەی 10 رۆژ پرۆسەكە تەواو بكەن، بەڵام ئەگەر سووتاندنی ئامێرەكانی پەنجەمۆر و سندووقەكان پەرەی سەند، ئەوا داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەین.
لەبارەی لایەنە كوردستانییەكانیش، رۆستایی گوتی "تا دوای یەكلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ئەوەی دەگوترێت تەنیا قسەیە و هیچ هەوڵێكی لێك نزیكبوونەوە نییە، بەڵام دەكرێت دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان گفتوگۆ بكەین لەسەر بەرنامەی كاری هاوبەش، ئەگەرچی لە سایەی ئەو ساختەكارییەی كردوویانە هیچ ئومێد نییە بۆ كاری هاوبەش لە بەغدا".
وشە -
فهرمان سادق