داوای دابینكردنی دوو ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەولێر دەكرێت

:: PM:10:21:11/06/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، داوای دوو ملیۆن لیتر بەنزین كراوە كە ڕۆژانە لە بەغداوە بگاتە هەولێر.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی حوزەیران، ئازاد كورەچی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی پارێزگا داوای ناردنی بەنزین لەلایەن بەغداوە بۆ هەولێر كراوە و ئەو نووسراوەیش جیاوازە لە نووسراوێكی پێشوو كە پارێزگاری هەولێر ئاراستەی بەغدای كردبوو.

زیاتر گوتی، لە نووسراوەكەی ئەنجوومەندا داوای دوو ملیۆن لیتر بەنزین كراوە كە ڕۆژانە بگاتە هەولێر.

كورەچی ئاماژەی بەوەیشكرد كە تا ئێستە دیار نییە بەغدا كەی بەنزینەكە دەنێنرێت و وەڵامی نووسراوەكەیشیان نەداوەتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەلێر دابینكردنی بەنزینی لەلایەن بەغداوە بە ڕێیەكی تر زانی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و ڕای گەیاند، ڕێگەی تریش گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بكرێت.

ماوەیەكە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیادا گرانبووە و ئێستە لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لە 720 دینار تا 750 دەست پێ دەكات.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم