داعش هێرشی فرەوان دەكاتە سەر بەغدا

:: AM:10:24:12/06/2018 ‌
باقر جەبر زوبێدی پەرلەمانتاری دەرچووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، داعش بە وردی هەوڵ دەدا لە داهاتوویەكی نزیكدا هێرش بكاتە سەر بەغدا و بە لێشاو چەكدارانیشی لە سووریا بۆ عێراق دەگوازێتەوە.

لە پۆستێكدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، باقر جەبر زوبێدی نووسیویەتی، ئێستە ماری داعش دزە دەكات و ئەوانەیشی پارەداری دەكەن، دەیانەوێ وەبەرهێنان لەسەر دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی عێراق بكەن، بۆیە ئێستە ڕۆژانە لە دەوروبەری سامەڕا و كەركووك جموجۆڵ و چالاكییان هەیە و هێرش دەكەنە سەر پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، بەڵام ئەوان بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە.

ئاماژەی داوە، داعش شەو و ڕۆژ كار دەكات بۆ دزەپێكردنی كادر و چەكدارانی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا بۆ ناوچەكانی نزیك كەركووك و دەوروبەری سامەڕا، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیك بەغدا بكاتە ئامانج.

ئەو قسانەی زوبێدی لە كاتێكدایە پێشتر سەرچاوە تەناهییەكانی عێراق ئاشكرایان كرد، تیرۆریستان ئۆپراسیۆنی "جەنگی بەدر" لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەرپا دەكەن و چاوەڕوان دەكرێ لە جەژن و كۆتا رۆژەكانی مانگی ڕەمەزان ژمارەیەكی زۆر كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د