هۆكاری مردنی كاپتنەكەی فیۆرنتینا ئاشكرا بوو

:: AM:11:09:12/06/2018 ‌

پشكنینە پزیشكییەكان هۆكاری مردنی كاپتنەكەی فیۆرنتینای ئیتاڵی داڤید ئەستۆرییان ئاشكرا كرد كە چەند مانگێك پێش ئێستا لەنێو ژوورە تایبەتییەكەی خۆی لە هۆتێلی گیانی سپاردبوو.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوتووە ئاستۆری نەخۆشی دڵی هەبووە و تا پێش مردنی كەس پێی نەزانیوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە هۆكاری مردنی ئاستۆری خێرایی لێدانی دڵ بووە، بە پێچەوانەی ئەو زانیارییانەی پێشتر بڵاو كرابوونەوە كە خاوی لێدانی دڵ هۆكاری مردنەكەی بووە.

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر ئاستۆری شەوی مردنی لە ژووری هۆتێل لەگەڵ یاریزانێكی تر بووایە بە ئاسانی هەست بە ئازارەكانی دەكرا و خێرا چارەسەری تەندروستی بۆ ئەنجام دەدرا و رەنگە لە مردن رزگار بكرایە.

لە كۆتاییدا رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە بەگوێرەی تۆژینەوەكان نەخۆشییە دڵەكەی ئاستۆری كۆن بووە و تا دوای مردنی تەنانەت پزیشكە تایبەتییەكانی یانەی فیۆرنتیناش هەستیان پێ نەكردووە و نەیانزانیوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م