ئەمڕۆ گریزمان خۆی یەكلایی دەكاتەوە

:: AM:11:20:12/06/2018 ‌

ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی ئەمڕۆ سێشەم بڕیاری كۆتایی لەسەر چارەنووسی دەدات كە ئایا بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەكەی دەمێنێتەوە یان دەچێتە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم گریزمان بەشداری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەكات سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردەی فڕەنسا بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

گریزمان رایگەیاندبوو كە پێش ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا یەكەم یاریی مۆندیال ئەنجام بدات بڕیاری كۆتایی رادەگەیەنێ، یەكەم یاریی هەڵبژاردەی فڕەنساش لە مۆندیال رۆژی شەمووی داهاتوو دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوستڕالیا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكی زۆرە خەریكی رازیكردنی گریزمانە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا گرێبەستیان لەگەڵ ئیمزا بكات، یانەكە ئامادەیی خۆشی پێشانداوە بڕی ئەوە پارە بدات كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دیاری كردووە كە ئەویش 100 ملیۆن یۆرۆیە.

لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ پارێزگاریكردن لە گریزمان و چەند رۆژێك پێش ئێستاش دەستەوارەیەكی زەبەلاحی نوێیان ئاراستەكردبوو كە تێیدا مووچەی ساڵانەكەیان بۆ 23 ملیۆن یۆرۆ زیاد كردبوو لەگەڵ چەندان پاداشتی تر.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م