چارەنووسی میسی دوای مۆندیال چی بەسەر دێت؟

:: AM:11:32:12/06/2018 ‌

ئامانجی سەرەكی ئێستای لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتین بردنەوەی جامی مۆندیالی 2018ی رووسیایە كە بڕیارە ركابەرییەكانی دووسبەی پێنجشەم دەست پێ بكات و تا رۆژی 15ی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد، میسی بڕیاریداوە بەتەواوی واز لە یاریكردنی ناودەوڵەتی بێنێ ئەگەر سەركەوتووبوو لە بردنەوەی جامی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: رەنگە میسی بەیەكجاری واز لە یاریكردنی ناودەوڵەتی بێنێ، بەڵام بڕیارەكە پەیوەستە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەكانی مۆندیالی رووسیادا.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كە لە مۆندیالی رابردوو دوای هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پلەی دووەمی بەدەستهێنابوو، لە مۆندیالی ئەمساڵ لە كۆمەڵەی چوارەم لەتەك هەڵبژاردەكانی كڕواتیا، نێجیریا و ئایسلەندا یاریی دەكات.

جێی باسە میسی دوای لەدەستدانی جامی كوپا ئەمەیكا بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی لە ساڵی 2016، بڕیاری وازهێنای یەكجاری لە یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هێنابوو، بەڵام دواتر بەهۆی پاڵەپەستۆی جەماوە و بەرپرسانی وەرزشی لە بڕیارەكەی پەشیمان بووەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م