هۆكاره‌كانی دروستبوونی خاڵە تۆخەكانی پێست

:: PM:12:10:12/06/2018 ‌
هەرگیز ئەوەت لە خۆت پرسیەوە كە هۆكاری دروستبوونی ئەو خاڵە تۆخانەی پێست بۆ چی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەو خانمانەدا ڕوو دەدات كە بەتەمەندا دەچن، ئەم خاڵانەش بەهۆی زۆر دەردانی میلاتۆنینەوە دروست دەبێت، بەشێوەی خاڵی ڕەش لەسەر ناوچەوان، ڕوومەت، تەنانەت دەوروبەری چاوەكان دروست دەبێت، هەرچەندە ئەم هۆكارانە ئاسایین، بەڵام چەند هۆكارێك هەن بۆ دروستبوونی ئەم خاڵانە كە پێوەندی بە لەشەوە هەیە و پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆر بكرێت بۆ چارەسەركردنی.

یەكەم: ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان، كاتێك ناهاوسەنگی لە هۆرمۆنەكاندا ڕوو دەدات چەندان گۆڕانكاری لەلەشدا ڕوو دەدەن وەكو سكپڕی، نەمانی سووڕی مانگانە، یان خواردنی ئەو دەرمانانەی بۆ هاوسەنگبوونەوەی هۆرمۆن بەكاردەهێنرێن.

دووەم: ناڕێكی پێست، ئەگەر گرفتی ناڕێكی پێستت هەبێت، ئەوا ئەم خاڵانە دروست دەبێت، وەكو پیربوون چونكە خانەكانی پێست توانای دروستبوونەوەیان نامێنێت، بۆیە خاڵەكان بەشێوەیەكی تۆختر دەردەكەون.

سێیەم: جێگای برین و زیپكە، برین و شكاندن و ڕزگاربوون لە زیپكە دەتوانن ببنە هۆی دەركەوتنی خاڵی تۆخ لەسەر پێست، ئەم خاڵانە بەئاسانی لانابرێن، بەڵام چارەسەر هەیە كە دەبێتە هۆی كاڵبوونەوەی خاڵەكان.

چوارەم: تیشكی خۆر، خۆدانە بەرخۆر زۆر گرنگە بۆ دەستكەوتنی ڤیتامین D، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەر تیشكی خۆر بمێنیتەوە ئەوا پێستت تووشی خاڵی تۆخ دەبێت، چونكە پێست بڕێكی زیاتر لە میلاتۆنین بەرهەم دەهێنێت.



وشە - ئاوات ئازاد