هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەكان دەوەستێت

:: PM:03:31:12/06/2018 ‌
دەڕوازەی كۆمەڵگەی باشماخ ئاشكرای دەكات لە یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، سەرجەم جموجۆڵە بازرگانییەكان لەو سنوورە دەوەستێت و هاتوچۆ تەنیا بۆ گەشتیاران دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی دەروازەی باشماخ هاتووە، بە پێویستی دەزانین سەرجەم هاووڵاتییان و شۆفێری بارهەڵگرە ئاگادار بكەینەوە كە سەرجەم جموجوڵێكی بازرگانی لە یەكەم ڕۆژی جەژندا ڕادەگیرێت و ڕۆژانی دواتر وەك خۆی ئاسایی دەبێتەوە.

لە ئاگەدارییەكەی كۆمەڵگەی باشماخ هاتووە، لە ڕۆژانی جەژن هاتوچۆی گەشتیاری ئاسایییە و گەشتیاران وەك ڕۆژانی تر دەتوان هاتوچۆ بكەن لەم سنوورە بۆ هاتنە ناو هەرێمی كوردستان و دەرچوون.

هەرێمی كوردستان پێنج دەروازەی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ هەیە لەگەڵ نۆ دەروازە نافەرمی، لە كاتی بۆنە و جەژنەكان هاووڵاتییەكی زۆر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش.

لەكاتی جەژنەكان بە هەزاران گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن كە زۆرترینیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و خۆرهەڵاتی كوردستان دێن، بۆ ئەمساڵیش بەگوتەی بەرپرسانی گەشتیاری پێشبینی پێنج ملیۆن گەشتیار دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد