پۆلیسی هەولێر خرایە ئامادەباشی

:: PM:03:43:12/06/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، بە هاوئاهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و هێزە تەناهییەكانی تر، پلانێكی تەناهیی بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هێزە تەناهییەكانی هەولێر و دەوروبەری، بە هاوئاهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و سەرجەم هێزە تەناهییەكانی تر، پلانێكی تەناهیی تۆكمەیان بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، پلانە تەناهییەكە لە پێنجشەم تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت و جگە لەوەی تیمەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەرەوە و ناوەوەی شار بڵاوەیان پێ دەكرێت، لەناو كۆڵان و گەڕەكەكانیشدا مەفرەزەكانی هێزە هاوبەشە تەناهییەكە، سەر و ماڵی هاووڵاتییان دەپارێزن و دۆخی تەناهی دەخەنە ژێر كۆنتڕۆڵەوە.

تەڵعەت دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژانی جەژندا بە هەزاران كەس بە مەبەستی پیرۆزكردنی جەژن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بێنە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

ساڵانە لەكاتی بۆنە و ئاهەنگەكان بەسەتان گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و هێزە تەناهییەكانیش ئەركی پاراستنی موڵك و ماڵی هاووڵاتییان دەخە ئەستۆی خۆیان.



وشە - رامیار جەواد