هێشتا بەغدا لەبارەی ناردنی بەنزین بۆ هەولێر وەڵامی نەداوەتەوە

:: PM:06:07:12/06/2018 ‌
بەرپرسێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات نووسراویان كردووە بۆ حكوومەتی عێراق  بەمەبەستی ناردنی بەنزین بۆ هەولێر، بەڵام هێشتا بەغدا وەڵامی نووسراوەكەی لەبارەی ناردنی بەنزین نەداوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ئازاد ئەكرەم كورەچی سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامن لە هەوڵەكان بۆ دابینكردنی بەنزین بۆ هاووڵاتیان بە نرخێكی هەرزان.

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، نووسراوێكی فەرمیمان بۆ حكوومەتی عێراق ناردووە چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین بۆ دابینكردنی بەنزین بۆ شاری هەولێر بەنرخێگی گونجاو، بەڵام تا ئێستە وەڵامیان نەداوەتەوە.

كورەچی زیاتر گوتی، عێراق بەنزین لە ڕێگای كۆمپانیای كار دابین دەكات و ئەوان لەبەرانبەر بڕێك پارە دابەشی دەكەنەوە، بۆیە دەبێت هەوڵەكان لەچوارچێوەی كۆمپانیای كار بێت.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە زۆرینەی دەنگ لە كۆبوونەوەی خۆی بڕیاری هەرزان كردنی نرخی بەنزینی دەركرد، ئێستە نووسراوێكی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە تا بڕی بەنزینی پێویست بۆ شاری هەولێر دابین بكات.



وشە - رامیار جەواد