لەبارەی چەند ڕووداوێك وەزارەتی ئەوقاف ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:08:32:12/06/2018 ‌
دوای داخستنی كەناڵێكی ئاینی لە هەولێر و سووكایەتی بە ژنان و چەند ڕووداوێكی تر كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو ڕووداوانە بەپێی پیلانێكی پێشوەختە نەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی حوزەیران، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەبوو بەڕێكەوت بووە و هیچ پیلانێكی پێشوەختە بۆ ئەوكارە نەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، وەزارەتەكەیان پشتگیری پێكەوە ژیان دەكات. ڕەتیشی كردەوە ئەو ڕووداوانەی هەبوو هەوڵێك بێت بۆ تێكدانی پێكەوە ژیان.

نەبەز ئاشكرای كرد، ئێستە یەكێتی زانایانی ئاینی لەسەر دۆسییەی كەسێك سكاڵای تۆمار كردووە و كێشەی داخستنی كەناڵەكەی مەلا مەزهەریش چارەسەر كراوە.

لە ماوەی هەفتەی كۆتایی مانگی ڕەمەزان لەلایەن چەند كەناڵێكەوە سووكایەتی بە ژنان و ئاینی ئیسلام كرا ئەوەیش بووە هۆی ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد