حكوومەت بە گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆژەی چاكسازی ڕازی نییە

:: PM:08:42:12/06/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت بوو بە پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی پێوەندی بە ناڕەزای حكوومەت هەیە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەكە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تیمی حكوومەت كۆبوونەوەكە دوا خرا.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی حوزەیران، د.شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پڕۆژەی چاكسازی مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی جێگیر كراوە كە دیارترینیان زیادكردنی مووچەی خانەنشینانی ئاساییە، بەڵام تا ئَێستە ڕوون نییە حكوومەت بەو گۆڕانكاریانە ڕازی دەبێت یان نا.

ڕوونیشی كردەوە كە جاری پێشوو مووچەی خانەنشینی ئاسایی كرا بە 300 هەزار دینار حكوومەت ڕازی نەبوو ئەمجارە كە كراوە بە 400 هەزار بێگومان پێناچێت حكوومەت ڕٍازی بێت.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی لەوەیشكردووە كە ڕەنگە ڕازی نەبوونی حكوومەت هۆكارێك بووبێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان نێردراوە و جارێك پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕازی بوون لەسەر مووچەی پلەباڵاكان پڕۆژەكە بە فشاری میدیا و ڕای گشتیی گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم