مەولەوییەكان رێكخراوێكی دژ بە پیاوانی ئاینی شیعە.. ئەوان كێن؟

:: PM:09:21:12/06/2018 ‌

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت كە چەند پیلانێكی گرووپی تیرۆریستی مەولەوییەكانیان لە عێراق ئاشكرا كردووە كە گرووپێكی تیرۆریست شیعە مەزەوە، بەم دواییە باندێكی تاوان لە شارەكانی باشووری عێراق گیراون و پیلانیان هەبووە لە بەسرە و زیقار و دیوانییە كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوان كێن؟.

وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "كیتابات" هاتووە، لە پارێزگای زیقاڕ لە باشووری عێراق بزاوێكی نهێنی ئاینی دەركەوتووە بەناوی "مەولەوییەكان" و دەسەڵاتدارانی تەناهیش لەو پارێزگایە گرتنی دەیان ئەندامی سەر بە رێكخراوەكەیان راگەیاند بە تۆمەتی وەستانەوە لەدژی بیری مەرجەعیەتی ئاینیی شیعە و شێواندنی تەناهی.

جەبار مووسەوی، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار لەو بارەوە دەڵێت، بەم دوایە 58 ئەندامی بزاوەكە هاتنە گرتن كە كار بۆ كوفركردن بە مەرجەعە ئاینییەكان دەكەن و وریایی لە دیاركەوتنی ئەو دیاردەیە و هێرشەكانیان دا كە لە دوای 2014 دیار كەوتوون و لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوویش 45 ئەندامی رێكخراوەكە لەو پارێزگایە گیران.

 مەولەوییەكان بزاوێكی ئاینییە توانی ژمارەیەك لایەنگر لەناوەندی شیعە بۆخۆی رابكێشێت بەتایبەتی لە توێژی لاوان و قوتابیانی زانكۆ و هەژاران، ئەوەیش بەهۆی بوونی بەخاوەنی بیرۆكەیەكی نائاسایی كە لایەنەكانیتر بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و كۆمەڵگا و ئاینی دەزانن.

بزاوی مەولەوییەكان وای دادەنێن كە لە دوای خوێندنەوەی كتێبی ئاینی و فەرموودەكانی پێغەمبەر و چوونە ناو زانستی ئاینییەوە، مرۆڤ دەتوانێت ببێتە مەرجەعی خۆی، وەك مووسەوی گوتی، بزاوەكە لە كۆتاییەكانی 2017 چالاك بووە بەناوی "سلووكییە" یان "ئەولادوڵا" كە دواتر ناویان گۆڕی بۆ "مەهدەوییەكان" و دواتر "مەولەوییەكان".

مووسەوی روونی دەكاتەوە، دەزگا تەناهییەكان ئەو زانیارییەیان لەدوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ ژمارەیەك لە گیراوانی رێكخراوەكە دەست كەوتووە، دەركەوتنی لەناكاوی ئەو بزاوە و چالاكییەكانی بووەتە مایەی نیگەرانی سەرانی تەناهی و سیاسی و ئاینی لە عێراق و هێزە تەناهییەكان دەستیان كرد بە راوەدوونانی لایەنگرانی بزاوەكە كە بەنهێنی چالاكن و هەفتانە كۆڕ و كۆبوونەوەیان هەیە و لایەنگریان زیاتر دەبێت. 

ئەو رێكخراوە نهێنییە هەوڵ دەدات بەهێرشی چەكداری ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی بكاتە ئامانج و تا ئێستا سەرانی رێكخراوەكە و ئەوانەی پاڵپشتیان دەكەن بەئاشكرا و روون دیار نین، بەڵام رێكخراوەكە داوای خۆسازدان بۆ "سەعاتی سفر" دەكات كە لەگەڵ دەركەوتنی ئیمام مەهدی مونتەزەڕ لای شیعە دەست پێ دەكات.

سەرەڕای ئەوەی ئەو رەوتانە بەگوێرەی شیعەی عێراق كەمینەن، بەڵام دەركەوتنیان دووبارە دەبێتەوە و مێژووی دەركەوتنی گرووپە توندڕۆ شیعەكان بۆ دوای 2006 دەگەڕێتەوە ئەوكاتەی لە سەرەتای 2007 هێرشێكی ئاسمانیی ئەمەریكا گرووپێكی شیعەی لە ناوچەی زەرگەی باكوری نەجەف بەناوی "جوندولسەما" كردە ئامانج و 200 ئەندامی گرووپەكە كوژران.

بەقسەی چەند بەرپرسێكی شیعە سەركردەی ئەو گرووپە ئەو كات بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە مەهدی مونتەزەرە و لایەنگرانی گرووپە پلانیان بۆ داگیركردنی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و گرتنی مەرجەعەكانی شیعە لە سەروبەندی یادی عاشوورا داڕشتبوو.

ئەو گرووپانە لەسەر ئەوە كۆكن بە پاككردنەوەی مەزەوی شیعە وەك رێخۆشكردنێك بۆ دەركەوتنی مەهدی مونتەزەڕ كە تەنیا لەكاتی هاتنەدێی چەند مەرجێكەوە بەدیار دەكەوێت و ئەوان پێیان وایە پێویستە ئەو مەرجانە زوو بێننە دی، بەڵام ئەو پاككردنەوەیان بۆ توندوتیژی دەگۆڕێت كە دەیان كەس بەهۆیانەوە دەبنە قوربانی. 

شێخ ناسڕ ئەسەدی، مامۆستا لە حەوزە (قوتابخانەی ئاینی شیعە) دەڵێت، ئەو جۆرە بزاوانە هەوڵی بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەناو كۆمەڵگا و دروستكردنی تەنگژە و كێشە دەددەن بەپاساوی خواستیان بۆ زوودەركەوتنی مەهدی مونتەزەڕ، ئەو قەناعەتەیش لەگەڵ عەقڵ و شەرعدا ناگونجێت، چونكە بڵاوبوونەوەی خراپەكاری دەبێت سروشتی بێت نەوەك دەستكرد. 

رێكخستنی مەولەوییەكان بەشێوەیەكی هێشووییە كە هەر پێنج ئەندام لە گرووپێكن بەشێوەیەك ناتوانرێت پێوەندی گرووپەكان بەیەكەوە ئاشكرا بكرێت و هەر 50 ئەندامی گرووپەكەیش بەسەركردەیەكەوە وابەندن كە بەناوی "مەولەوی" ناو دەبرێت.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە ناسڕییە دووپاتی دەكاتەوە كە بزاوەكە 50 هەزار ئەندامی هەیە و ئەوان لە ناوچەكانی بەغدا بەرەو باشووری عێراق بڵاون و ئاماژە دەكات ئەو بڵاوكراوەی بەوان گیراوە سووكایەتی و قسەی ناشیرینی بۆ مەرجەعیەتەكانی ئاینی لەخۆ كرتووە. 

ئەمساڵ تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە كەسێك هێرش دەكاتە سەر عەبدولمەهدی كەربەلایی نوێنەرێكی عەلی سیستانی لە وتاری هەینی لە كەربەلا، بەڵام پاسەوانەكانی نایەڵن زیانی پێ بگات، دواتر خێزانی تۆمەتبارەكە گوتیان كە كوڕەكەیان لایەنی دەروونی تەواو نییە.

عەبدولهادی سەعداوی، پەرلەمانتاری شیعە لەو بارەوە دەڵێت، ئەو گرووپە زۆر نین و لایەنگری ئەحمەد حەسەن یەمانین كە خۆی وەك یەمانی چاوەڕوانكراو راگەیاند كە لای شیعەی 12 ئیمام وایە ئەو رێخۆشكەرە بۆ دەركەوتنی مەهدی مونتەزەڕ و لایەنگرانیشی وا وەسفی دەكەن كە توانای نائاسایی هەیە. 

سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقاڕ دەڵێت، دوور نییە ئەو بزاوە سەر بەلایەنی دەرەكی بن بەهۆی كتێب و چاپكراوەكانیان كە لایەنگرانی بزاوەكە بڵاوی دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا لایەنگرانی بزاوەكە چالاكیی چەكداریان ئەنجام نەداوە، ئەگەرچی چەكی سووكیان هەیە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل