كۆماری بێوەژنان.. ژنانی عێراق بوونەتە قوربانی جەنگەكان

:: PM:11:38:12/06/2018 ‌

هەفتەنامەی "رافیدێن" كە لە بەغدا دەردەچێت ئاشكرای دەكات كە نزیكەی ملیۆنێك ئافرەت هەن كە تەمەنیان لە نێوان 35-45 ساڵە، واتە لە دەرەوەی تەمەنی ئاسایی هاوسەرگیریكردنن، بێ هاوسەرن، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵكشانی رێژەی قەیرەیی لەناو كۆمەڵگای عێراق كە پێشتر رێژەكە بەو بەرزییە نەبووە.

هەفتەنامەكە لە ئامارێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق دەگوازێتەوە كە رێژەی جیابوونەوە لەبەر هۆكاری سەختی ئابووری بەرز بووەتەوە و ئاماژە دەكات كە پارساڵ دوو هەزار حاڵەتی تەڵاقدان هەبووە لەبەرانبەر هەزار و 750 حاڵەتی هاوسەرگیری، واتە رێژەی تەڵاقدان لە هاوسەرگیریكردن زیاتر بووە، هەروەها بوونی تەنیا ئەوەندە حاڵەتەی هاوسەرگیری لە وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 23 ملیۆن كەسە بەپێی ئاماری ساڵی 1997 لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی گەورەی گەنجان، واتە زۆرینەی ئەو گەنجانە خۆیان لە هاوسەرگیری بەدوور دەگرن.

پێ دەچێت كە تەنگژەی سەختی ئابووری و دەروونی كە نەوەكانی عێراق لە تەمەنی نێوان 25-40 ساڵی بەدەستییەوە دەناڵێنن بەهۆی شەڕەكانی رژێمی پێشووی عێراق لەگەڵ ئێران و دواتر جەنگی كوێت و گەمارۆی ناودەوڵەتی بۆ سەر عێراق و بەو جۆرە كار بكەنە سەر دووركەوتننەوەی گەنجان لە هاوسەرگیری و زیادبوونی حاڵەتەكانی تەڵاق وەك لە ئامارەكەدا هاتووە و بەوەش تەنگژە كۆمەڵایەتییەكە لە تەنیا بەرهەمهاتنی پیاوی بێ ژن و ژنی بێ هاسەر تێپەڕ دەبێت بۆ منداڵان كە بەدەست تەنگژەی دەروونییەوە دەناڵێنن.

سەرەڕای ئەوەی دامەزراوە پێوەندیدارەكانی عێراق لە سەردەمی رژێمی پێشوو باسی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لایەنی كۆمەڵایەتی بەهۆی سیاسەتە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەكانی ئەو كاتیان نەدەكرد، بەڵام لە توێژینەوەیەكی وەزارەتی كار كە بە دیوانی سەرۆكایەتی دراوە لە ساڵی 2000 بوونی نزیكەی 800 هەزار بێوەژن لە عێراق ئاشكرا دەكات كە زۆرینەیان لە هەردوو جەنگی 1980 و 1991 و ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان هێزەكانی حكوومەت و بەرهەڵستكارانی چەكداری عێراق دوای ئەوە لە كوردستان و باشووری عێراق هاوسەرەكانیان كوژراون.  

لە ساڵانی نێوان 2003 تا 2017 ئەو كاتەی نەیارانی رژێمی پێشووی عێراق فەرمانڕەوایی عێراق دەكەن، سوپایەكیان لە بێوەژن و منداڵی بێ دایكوباوك جێ هێشتووە، تەنانەت وریایی لەوە درا كە عێراق ببێتە كۆماری بێوەژن و بێ دایكوباوكان كە ژمارەی بێوەژنان دوو ملیۆن تێپەڕ دەكات.

لای خۆیەوە لوما حلفی، سەرۆكی لیژنەی ئافرەت و خێزان لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە 8ی مارسی 2017 رای گەیاند، ژمارەی بێوەژنان لە عێراق دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە، بەڵام وەزارەتی پلاندانان ژمارەكەیان كەم دەكاتەوە.

هودا نعێمی، توێژەری كۆمەڵایەتی لەو بارەوە دەڵێت، خێزان ئەو بێوەژنانە تووشی مەترسی گەورە دەبنەوە ئەگەر نەتوانن كۆنترۆڵی كێشەكانیان بكەن، بەتایبەتی كە زۆرینەیان لە تەمەنێكی بچووك تووشی بێوەژنی بوونە و رووبەڕووی كێشەكانی ژیان بوونەتەوە. 

زیاتر گوتی، ژنان هەن لە تەمەنی 15-20 ساڵی تووشی بێوەژنی هاتوونەتەوە و هەندێكیان تەنیا چەند مانگێك هاوسەرگیریان كردووە و هەندێكیتریان منداڵی بچووكیان هەیە، هەروەها بەشێكیان لە خێزانی هەژارەوە هاتوون یان خێزانی مێردەكانیان هەژارن یان لێكهەڵوەشاوەن، بۆیە ئەوانە دەبنە نێچیری ئاسان و كەسانی نەفس نزیم بەهۆی پێویستیان بۆ پارە و كاركردن سوودیان لێ دەبینن بۆ كاری خراپە، ئەوەش لە سایەی نەبوونی رۆڵی پێویستی حكوومەت بەدابینكردنی ژیانێكی گونجاو بۆ ئەوان.

راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە جەنگی داعش رێژەی بێوەژنی و منداڵانی بێ باوكی زۆر زیاد كردووە بەهۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری هێزە تەناهییەكان و هاووڵاتییانیش، رێكخراوەكانی ناودەوڵەتی لەوبارەوە وریاییان داوە بەوەی عێراق ببێتە وڵاتی بێوەژن و بێ دایكوباوكان كە سەرەڕای جیاوازی ژمارەكان، بەڵام بووەتە كێشەیەكی گەورە و پێویست بە رووبەڕووبوونەوە دەكات.  

ئامارە فەرمییەكان لەبارەی ژمارەی بێوەژن و منداڵانی بێ دایكوباوك لە عێراق جیاوازە، لەو كاتەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی ئەوە دەكات كە ژمارەی بێوەژنان ملیۆنێك تێپەڕ ناكات و بێ دایكوباوكانیش نزیكە لە دوو ملیۆن، رێكخراوی یونیسێف دەڵێت ژمارەی بێوەژنان لە عێراق نزیكەی سێ ملیۆنە و و منداڵانی بێ دایكوباوكیش زیاتر لە شەش ملیۆن دەبێت.

جبووری رەتی دەكاتەوە كە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق ئاماری وردی ژمارەی بێوەژن و مناڵانی بێ دایكوباوكیان لا بێت و هۆكارەكەیشی بۆ سیاسەتی شاردنەوەی راستییەكان گەڕاندەوە بەوەی ویستێكی سیاسی هەیە رێگری لە ئەنجامدانی ئامارێكی ورد دەكات كە رێژەكە بەوردی دیاری دەكات.

لەو كاتەی بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی رێكخراوی بەهاناچوونی ناودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە شاری لۆس ئەنجلۆسە لە ئەمەریكا، نزیكەی 60% بێوەژنانی عێراق بەهۆی كردە توندوتیژییەكانەوە لە دوای 2003 وە هاوسەرەكانیان لەدەست داوە. 

سەرچاوە: كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل