وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەنراوێكی دژی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە


وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دژایەتی هەنگاوێكی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، كە لە ڕۆژانی ڕابردوو تاوانبارێكی عێراقی بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر و كوشتنی كچێكی خوار تەمەنی 18 ساڵی ڕادەستی ئەڵمانیا كردەوە.

ئەحمەد مەحجووب گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ڕادەستكردنی تۆمەتبار عەلی بەشار لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە بە حكوومەتی ئەڵمانیا بە تەواوەتی پێچەوانەی یاسایە، بەهۆی نەبوونی ڕێككەوتن لە نێوان عێراق و ئەڵمانیا بە ئاڵوگۆڕكردنی تاوانباران لە نێوان یەكتردا.

ئاماژەی داوە، بەغدا ئەمە بە سەرپێچی یاسایی دەزانێ و ئاڵوگۆڕی تاوانباران لەگەڵ وڵاتانی تر، پرسێكی سیادییە و پێویستە تەنیا وەزارەتی دادی حكوومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەر بدات، عێراق سوورە لەسەر گەیشتن بە ڕاستییەكان و سزادانی لیژنەكانی بەرپرس لەم كارە، بەڵام بەگوێرەی یاسا و دەستوور ئەم كارە دەكرێ.

عەلی بەشار گەنجێكی عێراقییە و لەگەڵ شەپۆلی كۆچكردن بۆ ئەوروپا گەیشتە ئەڵمانیا، لە ماوەی ڕابردوو دەستدرێژی سێكسی كردە سەر سوزانا كە كچێكی جووی ئەڵمانیایە و دواتر كۆتای بە ژیانی هێنا، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان گیرا و دواتر ڕادەستی ئەڵمانیا كرایەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:09:35:13/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 6815 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌