یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژن له‌ كوردستان دیاریی ده‌كرێ

:: AM:09:59:13/06/2018 ‌
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف چاودێری بینینی مانگ دەكات، بە مەبەستی دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم 14ی حوزەیران/یۆنیۆ سەعات حەوتی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ مەبەستی دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان كۆ دەبێتەوە.

ئاماژەی داوە، بانگێشتی سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین، تا بۆ ڕووماڵی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لیژنەی بینینی مانگ ئامادە بن و لەوێ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ ڕادەگەیەنرێت.

ڕەمەزان یەكێكە لە جەژنەكانی مسوڵمانان و ساڵانە لە سەرانسەری دنیا مسوڵمان لە مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژوو دەبن و لە یەكەم ڕۆژی مانگی نوێ جەژنی ڕەمەزان ئەنجام دەدرێ، بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش، لیژنەی بینینی مانگ لە سەرەتای مانگی نوێ كۆ دەبنەوە تا بە وردی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری بكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د