ریال مەدرید چۆن گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرەكەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا كرد؟

:: AM:10:15:13/06/2018 ‌

سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەم یانەی ریال مەدرید رێككەوتنی لەگەڵ جولین لۆپیتیگی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا راگەیاند و بەفەرمی لە شوێنی زێنەدین زێدانی فڕەنسی وەك راهێنەری یانەكە دامەزراند.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید خۆی كارەكانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ لۆپیتیگی كردووە و بۆ رازیبوونی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیاش بڕە پارەیەكی داوەتە یەكەتییەكە.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی گرێبەستەكەی لۆپیتیگی لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەیان 2 ملیۆن یۆرۆ بووە، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئەو پارەیەی داوە بە یەكەتییەكە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە لۆپیتیگی چەند هەفتەیەك پێش ئێستا لە كاتی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی تا ساڵی 2020 لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا خۆی ئەم مەرجەی خستۆتە ناو گرێبەستەكەوە.

جێی باسە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی سەرلەئێوارەی دوێنی سێشەم بەفەرمی گرێبەستكردن لەگەڵ لۆپیتیگی راگەیاند، گرێبەستەكەش بۆ ماوەی 3 وەرزە، ئەو راهێنەرە دوای تەواوبوونی كارەكانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بەفەرمی دەست بە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی شاهانە دەكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م