ئەستێرەیەكی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل پێشبینی كرد هاونیشتمانەكەی نیمار دا سیلڤا لە یارییەكانی مۆندیالی ئەمساڵی 2018ی رووسیادا دەیتەقێنێتەوە و باشترین ئاست پێشكەش دەكات.
رۆبێرتۆ كارلۆسی بەرگریكاری پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە چاوپێكەوتنێك بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا رایگەیاند: نیمار درك بە گەورەیی قەبارەی ئەو پاڵەپەستۆیە دەكات كە لەسەریەتی، مێژووش تۆماری دەكات ئەو باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكە دەبێت.
زیاتر گوتی: دڵنیام نیمار لە مۆندیالی ئەمساڵدا دەتوانێ باشترین ئاست پێشكەش بكات و دەبێت بە باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكە، بێگومان لەتەك كریستیانۆ رۆناڵد و گۆڵی زۆر بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل تۆمار بكات.
نیمرا ئەستێرەی یەكەمی هەڵبژاردەی بەڕازیلە و لە یارییەكانی مۆندیال بەشدار دەبێت كە بڕیارە سبەی پێنجشەم دەست پێ بكات، هەرچەندە تازە لە پێكان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەڕاوەتەوە.
نیمار ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بەهۆی پێكانەوە ماوەی زیاتر لە 3 مانگ لە یاریكردن دووركەوتەوە، ماوەیەكی كەمیشە دەستی بە مەشق و راهێنان كردۆتەوە و یاری دەكات.
هەڵبژاردەی بەڕازیل كە تا ئێستا 5 جار جامی مۆندیالی بەدەستهێناوە، لە مۆندیالی ئەمساڵ لە كۆمەڵەی پێنجەم لەتەك هەڵبژاردەكانی سویسڕا، كۆستاریكا و سڕبیا یاری دەكات، هەڵبژاردەكە هەروەها پاڵێوراوی یەكەمی بەدەستهێنانی جامەكەیە.