یەكێتی 200 داعش ڕادەستی بەغدا دەكاتەوە

:: AM:11:23:13/06/2018 ‌


چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە 200 بەندكراو كە بەتۆمەتی پێوەندییان لەگەڵ داعش لە گرتووخانەكانی سلێمانی دەستبەسەرن، رادەستی بەغدا بكرێنەوە. دیندار زێباریش دەڵێ لە هەشت مانگی رابردوودا 853 بەندكراو رادەستی حكوومەتی عێراق كراونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی حوزەیران، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە لە سلێمانی ئامادەكاری بۆ رادەستكردنی 200 بەندكراو دەكرێت بە حكوومەتی عێراق، كە بە تۆمەتی پێوەندییان لەگەڵ داعش گیراون و لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان دەستبەسەر بوون.

لەمە لە كاتێكدایە دیندار زێباری بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 11ی ئەم مانگە، ئاشكرای كرد لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا 853 بەندكراو كە بە تۆمەتی پێوەندییان بە داعش گیرابوون، رادەستی حكوومەتی عێراق كراونەتەوە.

زێباری لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاشكرای كرد كە ژمارەی ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە هەبوونی پێوەندی لەگەڵ داعش لە هەرێمی كوردستان گیرابوون، دوو هەزار و 704 كەسن. گوتی "853یان رادەستی بەغدا كراونەتەوە، ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانی تر دەكرێت پێش ئەوەی رادەستی بەغدا بكرێنەوە".
 
هاوكات سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت قسەی بۆ "بەغداد یەوم" كردووە، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لە سلێمانییەوە ئامادەكاری دەكرێت 200 تۆمەتباری داعش رادەستی بەغدا بكرێتەوە.

قسەكانی زێباری ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە كە پێشتر پەرلەمانتار و بەرپرسانی حكوومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانیان تۆمەتبار دەكرد كە ئامادە نییە چەكدارە گرتووەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان رادەستی حكوومەتی فیدڕاڵی بكاتەوە.




وشە - فه‌رمان سادق