ئیسلامییه‌ توندڕۆكان شوێنە پیرۆزه‌كانی ئێزیدیییه‌كان لە عەفرین وێران دەكەن

:: AM:11:34:13/06/2018 ‌
گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆكانی هاوپەیمانی توركیا كە لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە، لە 18 ئادار/مارس شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانیان داگیر كرد، دەستیان بە وێرانكردنی شوێنە پیرۆزەكانی كوردانی ئێزیدی ئەو شارە كردووە.

عەلی حەمۆ چالاكی سیاسی و كوردی ئێزیدی لە ڕۆژئاوای كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای هاتنی سوپای توركیا بە یاوەری گرووپە توندڕۆكان بۆ شاری عەفرین، تەواوی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی ئێزیدییەكان خاپوور كراون و چەندان ئێزیدی ڕفێنراون و بۆ ئازادكردنیشیان داوای پارەیەكی زۆر لە كەسوكاریان دەكرێ.

زیاتر گوتی، ئەو گرووپە توندڕۆیانە ئازاری زۆری كوردانی ئێزیدییان لە عەفرین داوە، بەوهۆیەوە زۆرینەی ڕەهای كوردانی ئێزیدی لە عەفرین و ڕۆژئاوای كوردستان، یان ئاوارەی لبنان بوون یان چوونەتە هەرێمی كوردستان و لە دەستی ئەو تیرۆریستانە خۆیان ڕزگار كردووە، ئەوان بەهۆی كوردبوون و ئێزیدیبوون بەردەوام ئامانجی گرووپە توندڕۆكانن.

بەر لە 2011 و دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان لە سووریا، بەگوێرەی ئامارەكان 150 هەزار كوردی ئێزیدی لە سووریان بوون و لە شارەكان و 22 گوندی جیاجیا ژیاون، بەڵام ئێستە زۆرینەی ڕەهای ئێزیدییەكان گوند و ماڵەكانی خۆیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كردووە، چونكە لەلایەن داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان و زۆرەملێی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان ستەمی زۆریان لێ كرا، بۆیە بە ناچاری زێدی ڕەسەنی خۆیان بەجێ هێشتووە.

عه‌فرین یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018 سوپای توركیا و گرووپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕۆكان و سوپای ئازادی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشیان كرده‌ سه‌ر شاره‌كه‌ و له‌ 18ی ئادار/مارس توانیان شاره‌كه‌ داگیر بكه‌ن و شه‌ڕڤانانی په‌یه‌ده‌ی لێ دوور بخه‌نه‌وه‌.


دهۆك/كاروان باعەدری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د