ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ئاشكرای كرد، ئاژانسی ئەمەریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، پڕۆژەی دووبارە پێداچوونەوە بە پەیكەری كارگێڕی دارایی لە حكوومەتی ناوخۆیی شەش پارێزگای عێراق جێبەجێ دەكات.
ڕۆژنامەی "
العرب"ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەكانییەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "USAID" بڕیارە پڕۆژەی تەواوكاری و دووبارە پێداچوونەوە بە سیستەمی و پەیكەری كارگێڕی دارایی شەش پارێزگای عێراق ئەنجام بدات، كە پارێزگاكانی بەغدا و مووسڵ و بەسڕە و هەولێر و بابل و ئەنبارن، پاش ئەو شەش پارێزگایە لە پارێزگاكانی تری عێراق هەمان پڕۆژە دەخاتە واری جێبەجێكردنەوە.
ئامانجی ئەو پڕۆژەیە دروستكردنی هاوئاهەنگی تەواوە لە نێوان حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكان و چۆنیەتیی كۆكردنەوەی داهاتەكانیان و بودجەی پارێزگاكان و چۆنیەتیی پێوەستكردنەوەی بە بودجەی گشتی عێراق، بە ئامانجی باشتركردنی پرۆسەی پارەداركردن لەو پارێزگایانە. جۆن لیستەر سەرۆكی پڕۆژەكە دەڵێ، ئامانجی سەرەكی دروستكردن و بەدیهێنانی دەسەڵاتدارێكی شەفاف و بێ كەموكوڕییە لە عێراق.
كاركردن لە پڕۆژەكە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دەست پێ دەكات و ماوەی پێنج ساڵ دەخایەتی، سێ ساڵی یەكەم تەنیا تاقیكردنەوە دەبێ و پاشان بە تەواوی پڕۆژەكە كاری پێ دەكرێ و كۆی گوژمەی پڕۆژەكەیش 160 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەیش بە كەمترین ڕۆتین و بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو دەتوانرێ زۆرترین خزمەت بە خەڵكی پارێزگاكان بگەیەنرێ.