پۆلیس و قایمقامی هەولێر پلانی جەژنیان راگەیاند

:: PM:12:39:13/06/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم لە پرێس كۆنفرانسێكدا هەریەك لە بەڕێوەبەرەی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و قایمقامی هەولێر پلانی جەژنیان راگەیاند و خەڵكیان لەوە دڵنیا كردەوە بەگوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە رۆژانی جەژن بە خێر و خۆشی تێپەڕ دەبن.


نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر هەندێك ئاماری سەرپێچییەكانی بازاڕ لە مانگی رەمەزانی خستەڕوو كە بەگوێرەی سەرپێچییەكان خۆراكی ماوەبەسەرچوو  فرۆشراوە یان دەرمانی خراپیان ساغ كردووەتەوە و بۆ ئەمەش توانیویانە سزای سەرپێچكاران بدەن و شوێنەكانیان دابخەن.


 ئەو پێشبینی كرد لە جەژنی ئەمساڵدا گەشتیارێكی زۆر روو لە هەرێمی كوردستان بكات و نزیكەی 500 پاس و گرووپی گەشتیاری لە رۆژانی داهاتوو  سەردانی هەولێر بكەن. ئەو داوای لە چێشتخانەكان كرد بە تایبەت ئەوانەی بەڵێننامەیان پڕ كردووەتەوە پابەند بن بە رێنوێنییەكان و لە رۆژانی جەژندا دەرگاكانیان بەرووی گەشتیاران واڵا بكەنەوە.


هاوكات عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر وێڕای خستنەڕووی 61 حاڵەتی گرتنی تۆمەتبار بە دزی و تاوان باسی لەوە كرد كە لەوانە 49 كەسیان لەسەر دزی گیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رەوانەی دادگا كراون.


 ئەویش هاووڵاتییانی دڵنیا كردەوە كە بۆ رۆژانی جەژن پلانێكی تۆكمەیان داناوە و سەرجەم هێزەكانیان دابەش كردووە و 24 سەعاتە لە چالاكیدا دەبن.


لە لایەكی ترەوە بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێریش لە كۆنفرانسەكە ئاماژەی بە پلانی هاتوچۆ كرد و گوتی، بە تایبەت لە رۆژی یەكەمی جەژن كە نزیك گۆڕستانەكان قەرەباڵغ دەبێت پلانی گونجاویان داناوە و لە رۆژانی تریش لە بەردەم ئەو شوێنانەی زیاتر گەشتیاران روویان تێدەكەن و قەرەباڵغ دەبن، رێوشوێنی پێویستیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەكی هاتوچۆ نەیەتە كایەوە.




وشە - سلێمان تاشان