سەدر بەرانبەر ئێران كەوتە سەر ئەژنۆ

:: PM:01:38:13/06/2018 ‌


ئەگەرچی موقتەدا سەدر لە چەندان بۆنەدا دژایەتی خۆی بۆ هەبوونی دەستی ئێرانی لەناو عێراقدا راگەیاندووە، بەڵام بۆ پێكهێنانی حكوومەت رێككەوتنی لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەپمانی فەتح-ی سەر بە ئێران ئەنجام دا.

ئێوارەی دوێنێ لە شاری نەجەف، هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر براوەی هەڵبژاردن بە 54 كورسی، لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح دووەمی هەڵبژاردن بە 47 كورسی، كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی و پێشكەشكردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن هەردوو لیستەكە 101 كورسیی پەرلەمانیان هەیە لە كۆی 329 كورسی و پێویستان بە تەنیا 64 كورسی تر هەیە تا ببنە لیستی گەورەی پەرلەمانی، بەڵام ئەو ئەنجامە بە یاسا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە رەت كراوەتەوە چاوەڕێی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەكرێت كە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت و ماوەی 10 رۆژ بخایەنێت.

موقتەدا سەدر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوپەیمانی لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح راگەیاند كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری لێ دەكرێت، ئاماژەی بەوە دا بەستنی هاوپەیمانیەتییەكە لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیدا بووە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمان.

راگەیاندنی هاوپەیمانیەتییەكە لە كاتێكدایە پێشتر سەدر لەگەڵ رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم و هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەلاوی رێككەوتنیان راگەیاندبوو.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هادی عامری رای گەیاند كە دەرگا بۆ هێزە براوەكانی تری هەڵبژاردن كراوەیە بێنە ریزی هاوپەیمانیەتییەكە.

موقتەدا سەدر بەرانبەر ئێران شكستی هێنا؟
ئەگەرچی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر دروشمی چوونە دەرەوەی ئێرانی لە عێراق هەڵگرت، دژ بە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەستایەوە، بەڵام هەوڵەكانی سەدر هێشتا هەر قسەن.

ماوەی چەند ساڵێكە ململانێ لە نێوان ئێران و موقتەدا سەدر هەیە، ئێرانییەكان پێیان وایە سەدر "خیانەتی" لێ كردوون، بەتایبەت دوای سەردانی بۆ عەرەبستانی سعوودیە كە نیگەرانییەكی زۆری ئێرانییەكانی لێ كەوتەوە.

پێش و دوای هەڵبژاردنیش شاندەكانی ئێرانی بە بەردەوام سەردانی بەغدایان كردووە، تەنانەت باڵوێزی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەموو هێزەكان كۆبوونەوەی كردووە تەنیا هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر نەبێت.

بۆ وەستاندنی لە پێكهێنانی لیستی گەورە، قاسم سولەیمانی سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ زۆرینەی هێزە براوەكان كۆ دەبێتەوە بۆ لە قاڵبدانی سەدر، بەڵام ناوبراو بە توندی وەڵامی سولەیمانی دەداتەوە و پێی دەڵێت عێراق جێ بهێڵێت.

هەڵوێستە توندەكانی سەدر دژ بە ئێران، وەك بەفر دەتوێنەوە، دواجار سەدر لەگەڵ سولەیمانی و عامری بەجیاواز كۆ بووەوە.

شارەزایانی سیاسی كۆكن لەسەر ئەوەی موقتەدا سەدر سیاسییەكی پراگماتیكە و كار لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات.

زیا ئەسەدی گوتەبێژ بەناوی سەدر، لە وەڵامی پرسیاری ئەمەریكییەكان لەبارەی بۆچوونی موقتەدا سەدر دوای هەڵبژاردن، ئایا جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر سوپای ئەمەریكا و سوپای مەهدی دادەمەزرێنێتەوە؟ رای گەیاند كە ناگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. گوتی "رێیش نادەین عێراق بكرێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ، بۆ ئەمەش ناچینە ژێر باری خواستی ئەمەریكییەكان، دووپاتیش دەكەینەوە پێوەندییەكی نەگۆڕمان لەگەڵ ئێران هەیە و ناچینە ژێر ئیرادەی هیچ لایەك".

مالیكی لە قاڵب دەدات
ئەگەرچی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رای گەیاند دەرگا كراوەیە بۆ هەموو هێزە براوەكانی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا ئەوە روون نەكراوەتەوە ئەو هاوپەیمانیەتییە نوێیە مەبەستیانە زۆرترین كورسیی پەرلەمان بە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هێزی تر كۆ بكەنەوە باوەشیان بۆ مالیكی كراوەیە كە هاوپەیمانێكی بەهێزی هادی عامرییە؟

ئەوەی روونە تا ئێستە هاوپەیمانی سائیروون بەهیچ شێوەیەك باسی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی كە 25 كورسی هەیە نەكردووە، چاودێران پێیان وایە سەدر سەركەوتوو بووە لە پشتگوێخستن و لە قاڵبدانی  نووری مالیكی.

پێ دەچێت پێداگیری سەدر دژ بە مالیكی بۆ سەردەمی بەگژداچوونەوە و لێدانی سوپای عێراقی بگەڕێتەوە لە سەردەمی حكوومەتی نووری مالیكی لە سوپای مەهدی بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر، كە بەدوایدا سەدر عێراقی جێ هێشت و رووی لە ئێران كرد.

كۆبوونەوەكانی سەدر و سولەیمانی
ئەگەرچی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان و سەردانی سولەیمانی بۆ بەغدا، داوای لێ كرد عێراق جێ بهێڵێت، بەڵام بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانی سائیروون لە ماوەی دووە هەفتەی رابردوودا سولەیمانی دووجار لەگەڵ كەسانی زۆر نزیكی سەدر كۆبوونەوەی كردووە و ئامانجیش لەمەدا كۆكردنەوەی حزبە شیعییەكان بووە بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكوومەت.

هەوڵەكانی قاسم سولەیمانی سەركردەی فەیلەقی قودس كە دۆسیەی عێراقی لە دەستدایە، نایشارێتەوە كە لە ژیر رێنوێنیی خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كار دەكات بۆ یەكخستنی یەكڕیزی ماڵی شیعەكان كە بەلای ئێران زۆر گرنگترە لە نیشتمان و سیاسەت، ئەمە لە سەرووی هەموو شتێكەوە لێی دەڕوانین.

سولەیمانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی سەدرییەكان لە كەربەلا پێشنیاری ئەوەی بۆ كردبوو كە ئێران پشتگیری لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكات بەو مەرجەی سەرۆك وەزیرانەكەی لە هێزێكی شیعی بێت، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر موقتەدا سەدر دەستوەردانی ئێرانی لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق رەت دەكردەوە و داوای پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی دوور لە تایفەگەری دەكرد و رەتیشی كردەوە بچێتەوە ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان.

قۆناغەكانی پێكهێنانی حكوومەت
بەگوێرەی دەستووری عێراق، دوای 10 رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆن و پەسندكردنی لەلایەن دادگای باڵای تەمیز دوای یەكلاییكردنەوەی تانە و سكاڵاكان، ئەوا فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق بەگوێرەی مادەی 55ی دەستوور داوا لە پەرلەمانی نوێ دەكات لەماوەی 15 رۆژی داهاتوو كۆ ببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی لە یەكەمین دانیشتنیدا دێنە هەڵبژاردن.

دواتر سەرۆك كۆمار بەگوێرەی مادەی 76ی دەستوور كاندیدی هاوپەیمانی گەورەی ناو پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە ماوەی 30 رۆژدا.

وشە/ فەرمان
سەرچاوەكان/ جەزیرە + عەرەب + ئیلاف



وشە - فه‌رمان سادق