هیچ هێزێكی عێراقی نەهاتووەتە شێخان

:: PM:01:52:12/10/2016 ‌
بەرپرسی كارگێڕی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری شێخان و بەنداوی مووسڵ رای دەگەیەنێت هیچ هێزێكی عێراقی نەهاتوونەتە سنوورەكە.

راید تەها بەرپرسی كارگێڕی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری شێخان و بەنداوی مووسڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند "هیچ هێزێكی عێراقی نەهاتووەتە سنوری شێخان و بەنداوی مووسڵ، بەڵكو تەنیا هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوورەكەدا هەن".

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی هێزی پێشمەرگە، دوای ئەوە دێت لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا لە چەند میدیایەكدا دەنگۆی هاتنی هێزی عێراقی و بەتایبەت حەشدی شەعبی بۆ سنووری پارێزگای مووسڵ و شارۆكەی شێخان بڵاو كرایەوە.

بەرپرسی كارگێڕی هێزەكانی پێشمەرگە لە شێخان دەڵێ‌، "هەر هێزێك بۆ ئەم سنوورە بێت، بە بازگەكانی ئێمەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستە هیچ شتێكی وا نییە".


بە گوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، دوێنێ‌ سێشەم 11ی تشرینی یەكەمی 2016 تیمێكی ئەندازەیی لە رێگەی دوو هەلیكۆپتەرەوە گەیشتوونەتە بەنداوی مووسڵ بۆ دیاریكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لە بەنداوەكەدا هەیە.

وشە/رامیار جەواد


وشە - رامیار جەواد