پارتی لە هەڵبژاردن پشتیوانی خۆی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕاگەیاند

:: PM:03:14:13/06/2018 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان – توركیا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا دووپات كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان – توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەربڕی و داواشی لە لایەنگرانی حزبەكەی كرد كە دەنگی پێ بدەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان – توركیا لەبارەی دەنگدان بە كاندیدی حزبەكان ئاشكرای كرد، لایەنگرانمان ئازادن دەنگ بەكێ‌ دەدەن و پشتگیری چ حزبێك دەكەن، بەڵام ئێمە بەشێوەی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پشتگیری سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكەین.

پارتی دیموكراتی كوردستان – توركیا لە مانگی ئاداری ساڵی 2014 داوای لە وەزارەتی ناوخۆی توركیا كرد دامەزراندنی ئەو پارتە پەسەند بكرێت لە 11ی ئەپریل بەفەرمی وەزارەتی ناوخۆی توركیا رەزامەندی لەسەر دەستبەكاربوونی ئەو پارتە سیاسییە لە توركیا دەربڕی.

ئێستە محەممەد ئەمین كارداش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان – توركیایە، ئەو پارتە پێشتر لەلایەن تێكۆشەری كورد سەعید ئەلچی و لە ساڵی 1965 دامەزرا، بەڵام بە شێوەیەكی شاراوە دەستی بە كاری سیاسی كردبوو.



وشە - رامیار جەواد