توێژینەوەیەكی ئەمەریكی: دوبەی بەهەشتی تاوانبارە نێودەوڵەتییەكانە

:: PM:03:43:13/06/2018 ‌


دوبەی، ئەو ئیمارەیەی بەناوبانگە بەوەی وەبەرهێنەران و دەوڵەمەندان و خاوەن سەرمایەكان لە هەموو دنیاوە رووی تێدەكەن و بە شاری بەختەوەری دەزانن، بەڵام رووەكەی تر دیوە دزێوەكەی شارتان نیشان دەدات كە بووەتە ئارامگەیەكی باش بۆ بازرگانانی مادەی هۆشبەر، بازرگانانی چەكی ناوەكی، پارەدارانی ململانێیەكان، بەرپرسە گەندەڵەكان و تەنانەت ئەوانەشی كە ناویان لە لیستی تیرۆر هاتووە، لەو شارە دەژین. بەگوێرەی توێژینەوەیەكی ئەمەریكی دەركەوتووە شووشتنەوەی پارە ئەو هەموو كەلەسەرانەی لەو شارە كۆ كردووەتەوە.

ناوەندی توێژینەوەی بەرگری پێشكەوتوو كە ئۆفیسەكەی لە واشنتنە، لە نوێترین توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیدا ئاشكرای دەكات كە دوبەی بووەتە بەهەشتی تاوانبارە نێودەوڵەتییەكان و دەڵێ، لە لێكۆڵینەوەكەدا پشت بەو زانیارییە دزە پێكراوانە بەستراوە كە لە دوبەیەوە دزەیان پێ كراوە كە هی حەوت كەسە بە دامەزراوەكانیان و تۆڕەكانی پێوەندارن بەوان و ماڵ و موڵكیان كە هەیانە، دەستنیشانی 44 موڵكی تایبەت كراوە كە بەهایان بە 28 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە و راستەوخۆی هی ئەو حەوت كەسایەتییەیە، ئەمە جگە لە 78 ملیۆن دۆلاری تری تۆڕەكانی پێیانەوە پێوەستن.

لە لێكۆڵینەوەكەدا تەنانەت ناوی ئەو كەسایەتییانەش هاتووە كە لەلایەن ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا و چەند وڵاتێكی تریش خراونەتە لیستی رەش بەهۆی چالاكییە ناشەرعییەكانیانەوە لە بواری سپیكردنەوەی پارە.

دیارترین ئەو كەسانەی ناویان بڵاو كراونەتەوە، وائیل عەبدولكەریم و ئەحمەد بەرقاوی كە سوورین و تۆمەتبار بە پێدانی پارە بە گرووپە چەكدارییەكان بۆ بەردەوامیدان بە ململانێ. حوسێن ئیدوارد و فیگیرۆ گۆمێز لە مەكسیك كە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر. كامبز مەحموود روستامیان و حوسێن پروناغشهباند لە ئێران كە تۆمەتبار بە بارزگانیكردن بە چەكی ناوەكی. ئەلتاف خنانی لە پاكستان كە تۆمەتبارە بە كۆمەككردنی تیرۆر. كامل و عیسام ئەمهز لە لبنان تۆمەتبارن بە كۆمەككردنی تیرۆریستان. رامی مەهلوف لە سووریا تۆمەتبارە بە گەندەڵی لە باڵاترین ئاستیدا.

لێكەوتە تەناهییە نێودەوڵەتییەكان
لە لێكۆڵینەوەكەی ناوەندی توێژینەوەی بەرگری پێشكەوتوو، باس لە تەواوی وردەكاریی هەموو مامەڵەكانی ئەو كەسایەتییانە كراوە لەگەڵ ئەو تۆڕانەی كە كاریان لەگەڵ دەكەن، باس لەوەش دەكات كە دوبەی بووەتە شوێنێكی خواستراو لەلایەن ئەو كەسانەوە تا مامەڵەی خانووبەرە و موڵكی زۆر گرانبەهای تێدا بكەن، خاڵی بەهێزیش وایكردووە ئەو كەسایەتییانە دوبەی هەڵبژێرن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە دوبەی ژینگەیەكی لەبار هەیە بۆ نهێنییەكان دەشارێتەوە.

هەر لە لێكۆڵینەوەكەدا باس لە هەوڵەكانی ئیمارات دەكات بۆ رێگریكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەڵام تا ئێستە ئیمارات سەركەوتوو نەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كەسایەتییانە و رێگریكردن لێیان.

"سروشتێكی رێخۆشكەر" لە ژینگەی دوبەی ئامادە كراوە بۆ ئەو كەسایەتییانە كە لێكەوتەی خراپیان بەسەر دۆخی تەناهی نێودەوڵەتی هەیە، نەك تەنیا بەسەر ئیمارات، چونكە كاریگەری لەسەر ئابووری نێودەوڵەتیش دروست دەكات، رەنگە ئەمەش خاڵی لاوازی ئیمارات و ئیمارەی دوبەی بێت كە رێ بەو چالاكییە ناشەرعییانە دەدات لەسەر خاكەكەی ئەنجام بدرێت.

لێكۆڵینەوەكە دەری دەخات ژینگەی رێكخراو و دەلیچەی یاسایی لە دوبەی و ناوەندە دارایییەكانی سەررنجی خاوەن سەرمایەكانی راكێشاوە لە سەرانسەری دنیا، ئەمەش وایكردووە روو لە دوبەی بكەن، تەنانەت بازاڕی خانووبەرەی دوبەی بووە بە بازاڕی سپی كردنەوەی پارە، ئەمەش كاریگەری و لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر سەقامگیری دۆخی تەناهی دنیا.

هەموو ئەوەی لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە ماڵپەڕی "عەرەبی جەدید" بڵاوی كردووەتەوە، كورت كراوەتەوە بۆ حەوت كەس، ئەو حەوت كەسەش كۆمەڵەیەكی زۆر تەسكن بەرانبەر بەو چالاكییە نا مەشرووعانەی لە دوبەی دەگوزەرێت، بۆیە تەنیا نمایندەی بەشێكی بچووكی چالاكییە نایاسایییەكان دەكەن پێوەندار بە بازاڕی خانووبەرەی ئیمارات و دوبەی.

زانیارییە دزە پێكراوەكان
نهێنی و شاراوەیی دوو پرسی زۆر گرنگن كە لە دوبەی دەستت دەكەوێت، ئەمە ئەو شتە گرنگەكەیە كە كڕیاران لە بازاڕی خانووبەرەی دوبەی بەدوایدا دەگەڕێن، كڕیاران لەوە دڵنیا دەكرێنەوە كە زانیارییەكان ناچێتە داتای زانیارییەكان و سەر مامەڵە دارایییەكانی، ئەمەش بە پێچەوانەی بازاڕی ئەمەریكایە بۆ نموونە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی ئاژنسی ئەسۆشییتد پرێس بۆ لێكۆڵینەوەكە لەسەر شووشتنەوەی پارە لە ئیمارات لە چوارچێوەی راپۆرتی ساڵانەی ستراتیجیی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، دەركەوتووە كە ئۆفیسەكانی گۆڕینەوەی دراو لە دوبەی، رێ بە بردنی پارەیەكی زۆر زەبەلاح دەدەن، تەنانەت هەمان حاڵەت لە سێكتەرەكانی خانووبەرە و بازرگانی زێڕ و ئەڵماسیش دەكرێت، هەموو ئەوانە مەترسی لەسەر ئابووری نێودەوڵەتی دروست دەكەن.

لە تەك ئەمە و هەبوونی زانیارییش حكوومەتی ئیمارات هچ هەنگاوێكی وەهای هەڵنەگرتووە، ئەگەرچی بەپێی راپۆرتێكی تەلەڤزیۆنی ساڵی 2002ی یەكێتی زانایانی ئەمەریكی ئاشكرایان كردووە كە چالاكی شووشتنەوەی پارە ساڵانە لە ئیمارات ملیارێك دۆلارە.

پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ئەمەریكی كە توێژینەوەكەی ئامادە كردووە، دەڵێ تەواوی ئەو زانیارییانەی لە ئیماراتەوە بەدەست گەیشتووە و لەلایەن كەسانی شارەزاوە كۆ كراونەتەوە و لە سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو لە ناوەندێكی باوەڕ پێكراو.

قەبارەی شووشتنەوەی پارە لە دوبەی
ئەگەرچی محەمەد بن راشد حاكمی ئیمارەی دوبەی ساڵی 2014، مەرسوومێكی دەركردووە و تێیدا دەسەڵاتی داوەتە بانكی ناوەندی بۆ سڕكردنی هەموو ئەو پارانەی گومانیان لەسەر هەیە، لەگەڵ لیستێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆمەككردنی تیرۆر.

بەگوێرەی راپۆرتێكی یەكەی بەرەنگاربوونەوی شووشتنەوەی پارە لە ئیمارات كە  "عەرەبی 21" بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە ساڵی 2016 رێژەی 30%ی ژمارەی ئەو راپۆرتانە زیادی كردووە كە گومان لەجووڵەی پارەكەی كراوە. بەجۆرێك ساڵی 2015 شەش هەزار و 77 راپۆرت لەسەر جووڵەی گوماناوی پارە لە دوبەی دراوە، بەڵام 2016 ژمارەكە بۆ حەوت هەزارو  887 بەرز بووەتەوە.

بانكی ناوەندی ئیمارات رای گەیاند كە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بەكار هێناوە بەگوێرەی رێككەوتنەكانی لەگەڵ لیژنەی كاری دارای "فاتف" و لیژنەی كارای دارایی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، لەگەڵ رێككەوتنەكانی دەكەوێتە چوارچێوەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و كۆمەككردنی تیرۆر.

ئەگەرچی ئیمارات بۆ بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ 155 دەوڵەت هەیە، هەروەها لەگەڵ 45 دەوڵەتی تریش كاری هاوبەش دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا بەگوێرەی راپۆرتێكی "ئەلشەرق" هێشتا بە بەهەشتی شووشتنەوەی پارە دەناسرێت.

بەگوێرەی پۆڵینی 2017 راپۆرتی نێودەوڵەتی كە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو بڵاو كراوەتەوە، ئیمارات لە ریزبەندی یەكەمینی ئەو 10 وڵاتە دێت كە تۆمەتبارە، بەریتانییەكان كاتێك بیانەوێت پارەكانیان سپی بكەنەوە روو لە ئیمارات دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتی "بزنس ئینسایدەر" كە ماڵپەڕی "عەرەبی 21" كردوویەتی بە عەرەبی، ئەوا ئیمارات بووەتە یەكێك لە گرنگترین وێستگە نێودەوڵەتییەكانی سپیكردنەوەی پارە.

 هاوكات بەگوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی ستراتیجیی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بۆ ساڵی 2017، ئەوا دیسان ئیمارات تاكە وڵاتی كەنداوی عەرەبییە ناوی لە لیستەكە هەیە بۆ شووشتنەوەی پارە و كۆمەككردنی تیرۆر.

ئەمەریكا لە راپۆرتەكەیدا داوا لە ئیمارات دەكات هەوڵەكانی زیاتر وەگەڕ بخات بۆ بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە كە هەمیشە بازرگانی مادەی هۆشبەر سەرچاوەی سەرەكییەتی.
 
 شووشتنەوەی پارە لە دنیا
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و تاوان كە 24ی ئابی 2017 لە عەمانی پایتەختی ئوردن بڵاو كرایەوە، قەبارەی شووشتنەوەی پارە لە ئاستی دنیادا دەگاتە نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلاری ساڵانە.

 بەگوێرەی راپۆرتێكی تری پەیمانگەی بازل " Basel " كە " CNN" بڵاوی كردووەتەوە، بۆ ساڵی چوارەم لەسەریەك كۆماری ئیسلامی ئێران پێشەنگی وڵاتانی دنیای گرتووە لە شووشتنەوەی پارە.

ساڵانە پەیمانگەی بازل، پۆڵینی 146 وڵات دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە، لەسەر بنەمای بەهێزی یاسا كارپێكراوەكانی ئەو وڵاتانە و ئاستی گەندەڵی و پێوەرەكانی كەرتی دارایی و شەفافیەت.

بەگوێرەی پۆڵینی ساڵی 2017، ئیمارات لە ریزبەندی 72یەمین وڵاتی دنیا دێت لە شووشتنەوەی پارە و شەشەمی وڵاتانی عەرەبی، لبنانیش لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی عەرەبی و 27ی نێودەوڵەتی.




وشە - فه‌رمان سادق