شێخ جەعفەر هێرش دەكاتە سەر حاكم شێخ لەتیف

دوای ئەوەی حاكم شێخ لەتیف سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، كە دەبێ پێشمەرگە نەك دەنگەكانی، بەڵكو خۆیشی هەڵبوەشێتەوە، فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر حاكم شێخ لەتیف و بە توندی وەڵامی دەداتەوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، قسەگوتن بە پێشمەرگە و ناوبردنی بە میلیشیا و داوای هەڵوەشاندنەوەی، كارێكی زۆر نابەجێ و نادروستە و بەهیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە، پێشمەرگە داكۆكیكاری سەرسەختی خەڵكی كوردستان بووە، ئەوەی قسە بە پێشمەرگە بڵێ، قسەی بە سیمبۆلی نەتەوەیی كورد گوتووە.

ئاماژەی دا، خۆپێشاندانی ئەمڕۆی پێشمەرگە باشترین وەڵامە بۆ حاكم شێخ لەتیف كە خۆی بە كەسێكی یاسایی دەزانێ و باش ئاگادارە پێشمەرگە چۆن داكۆكی لە كورد كردووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چۆن ناوبانگی دەركردووە و وەك هێزی دژ بە داعش لەسەر ئاستی دنیا ناسراوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە توندی هەڵوێست دژی ئەو قسانەی حاكم شێخ لەتیف وەربگرێ.

پێشتر حاكم شێخ لەتیف سەرۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەرانبەر هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەژمارنەكردنی دەنگی دەنگدانی تایبەت و هێزەكانی پێشمەرگە، پشتیوانی ئەو هەوڵەی پەرلەمانی عێراقی كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، كە پێویستە پێشمەرگە نەك هەر دەنگ، بەڵكو پێویستە خۆیشی وەك هێزێك هەڵبوەشێنرێتەوە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:51:13/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 5820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌