ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك زه‌كات و سه‌رفیتره و فیدیه‌ی مسوڵمانانی هه‌رێمی كوردستان له سندووقێكی متمانه‌پێكراودا كۆ بكرێته‌وه، ساڵانه سه‌دان ملیۆن دۆلار كۆ ده‌بێته‌وه كه به‌هۆیه‌وه ده‌كرێ هه‌ژاری له كوردستانی بنبڕ بكرێت. پڕۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مان مه‌به‌ست شه‌ش ساڵه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه، به‌ڵام له‌وێ ئاوڕی رژدی لێ نه‌داوه‌ته‌وه.
خه‌ریكه مانگی ره‌مه‌زان ته‌واو ده‌بێت و خه‌ڵكی مسوڵمانیش خۆی بۆ ئه‌وه ئاماده ده‌كات زه‌كات و سه‌رفیتره‌ی ساڵانه‌ی بدات. له هه‌رێمی كۆردستان زۆرینه‌ی خه‌ڵك پابه‌ندن به پێدانی سه‌رفیتره و زه‌كات، به‌ڵام هیچ كاتێك ئه‌و بڕه پاره‌یه له كوردستان كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر نه‌هێشتنی هه‌ژاریی دروست نه‌كردووه و هۆكاره‌كه‌ش بۆ نه‌بوونی سندووقێكی تایبه‌تیی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر مسوڵمانێك باری دارایی ئه‌وه‌نده بێت كه زیاد بێت له پێداویستی خۆی و ئه‌وانه‌ی بژێوی و خه‌رجییان له‌سه‌ره، ئه‌وه له ماوه‌ی شه‌و و رۆژی جه‌ژندا پێویسته سه‌رفیتره‌ی خۆی و ئه‌وانه‌ش بدات كه خه‌رجییان كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆی. به‌پێی راگه‌یه‌نراوی ئه‌مساڵی لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێمی كوردستان، بڕی ئه‌ندازه‌ی زه‌كات له چوار ملیۆن و 500 هه‌زار دینار ده‌درێت كه بۆ هه‌ر ملیۆنێكی 25 هه‌زار دیناره به‌و مه‌رجه‌ی پاره‌كه ساڵێكی به‌سه‌ردا سووڕابێته‌وه.
ئه‌ركی خێركردنی مسوڵمان ته‌نیا زه‌كات نییه، به‌ڵكو فیدیه و سهرفیترهیشه. فیدیه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یه له‌بری بهرۆژوونهبوونی كه‌سێك ده‌درێت كه رۆژووی له‌سه‌ره یان ئه‌و كه‌سانه‌ن به‌هۆی پیری، نه‌خۆشی، سكپڕی و شیردان یان هه‌ر پاساوێكی تری شه‌رعی ناتوانن به‌ڕۆژوو بن. بۆ سه‌رفیتره‌ش ئه‌گه‌ر خواردن درا، بۆ رۆژێك بڕی دوو كیلۆ و نیوه بۆ یه‌ك كه‌س، به‌ڵام به پاره سه‌رفیتره بۆ هه‌ر كه‌سێك سێ هه‌زار دیناره و بۆ فیدیه‌ی رۆژووش به‌هه‌مانشێوه سێ هه‌زار دینار و بۆ كۆی مانگهكهیش 90 هه‌زار دینار ده‌كات.
له كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند و كه‌سانی ئاسایی به‌شێوه‌یه‌كی رێك زه‌كات و سهرفیترهكانیان دابه‌ش ناكه‌ن و زۆرجار ئه‌و یارمه‌تییانه به‌ر كه‌سانێك ده‌كه‌ون كه پێویستیان پێی نییه، له‌لایه‌كی تریش كه‌م نین ئه‌وانه‌ی به راستی پێویستیان به یارمه‌تییه، به‌ڵام هیچ یارمه‌تی و خێرێكیان به‌ده‌ست ناگات.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه له ساڵی 2011 پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و خێر و زه‌كاته‌ی تێدا كۆ بكرێته‌وه و دواتر به میكانیزمێكی رێك به‌سه‌ر هه‌ژاراندا دابه‌ش بكرێت.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، پڕۆژه‌كه چه‌ند جارێك له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه نێردرایه‌وه بۆ وه‌زاره‌ت و له وه‌زاره‌تیش به هاوكاری یاساناس و رێكخراوه‌كانی خێرخوازیی و مامۆستایانی ئاینی، هه‌موار كرایه‌وه و بۆیان گه‌ڕێنرایه‌وه و نازانن بۆچی پڕۆژه‌كه‌یان په‌سند نه‌كرد.
نه‌قشبه‌ندی ده‌ڵێ "حكوومه‌ت له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه ده‌ترسێت و پێی وایه كاریگه‌ری نابێت و خه‌ڵك متمانه به سندووقه‌كه ناكات، له‌مه زیاتر هیچ شتێك شك نابه‌م ئه‌مه‌ش بۆچوونی خۆمه و هی وه‌زاره‌ت نییه."
پڕۆژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه ئه‌وه مه‌رج نه‌كراوه پڕۆژه‌كه سه‌ربه حكوومه‌ت بێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆوه به‌ڕێوه بچێت كه له‌ژێر چاودێریدا بێت و كه‌سانی شاره‌زا و جێی متمانه به‌ڕێوه‌ی به‌رن. جگه له‌مه ژماره حیسابی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی دیار بێت چ بڕه پاره‌یه‌ك كۆ ده‌كرێته‌وه.
نه‌قشبه‌ندی پێی وایه كه ئه‌گه‌ر زه‌كات و سه‌رفیتره له كوردستان به ته‌واوی كۆ بكرێته‌وه، ئه‌وا ده‌كرێ به‌هۆیه‌وه هه‌ژاری له كوردستان بنبڕ بكرێت و ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی كوردستان ده‌یه‌وێت ئه‌ركه ئاینییه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و ته‌نیا ئه‌وه ماوه‌ته‌وه ئه‌و داهاته رێك بخرێت و بۆ بواری گونجاو بقۆزرێته‌وه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌یه زه‌كاتی ساڵانه‌ی سه‌رووی سێ ملیۆن دۆلاره و ئه‌گه‌ر سه‌رووی 30 ده‌وڵه‌مه‌ند به ته‌واوی زه‌كاتیان بده‌ن، ده‌گاته نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلار و ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش به‌شداری له سندووقه‌كه بكه‌ن، ئه‌وا بۆ سه‌دان ملیۆن دۆلار له ساڵێكدا به‌رز ده‌بێته‌وه.
له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و پڕۆژه‌یه "وشه" پێوه‌ندی به هه‌ریه‌ك له گوته‌بێژ و سكرتێری یاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی پێوه‌ندییه‌كه‌یان نه‌دایه‌وه.