خولی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە

:: PM:04:44:13/06/2018 ‌
ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی خولی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بەتایبەتیش خولەكە بۆ كاندیدانی خوێندنی باڵا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە كۆبوونەوەی نێوان ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كریستۆڤەر لیدلۆ سەرپەرشتیاری ڕێكخراوی ئیمیدیست لە كوردستان باس لە كردنەوەی سەنتەری ئەو ڕێكخراوە كرا لە هەرێمی كوردستان.

ئامانج سەعید لە كۆبوونەوەكە گوتی، وەزارەت دەخوازێ خولی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی زمان بكاتەوە، بەتایبەت كاندیدانی خوێندنی باڵا، بۆیە دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی سەركەوتوویی ڕێكخراوی ئیمدیست وەربگرین.

لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەكانی كردنەوەی ئەو خولانە لە پارێزگاكانی (هەولێر، هەڵەبجە، سلێمانی، دهۆك) كرا، هاوكات باس ئامادەكارییەكانی ڕێكخراوی ئیمدیست كرا بۆ كردنەوەی سەنتەری تاقیكردنەوەی (TOEFL iBT) لە زانكۆ حكوومییەكان.

ڕێكخراوی ئیمدیست لە ساڵی 1951 دامەزراوە و ئۆفیسی سەرەكیان لە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكایە و خاوەن ئەزموونی نزیكەی 70 ساڵە كاركردنیان لە بواری خولی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی هەیە و ئێستە لقیان لە دەیان وڵات هەیە.



وشە - رامیار جەواد