ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداری مۆندیالی 2026 دەکەن

:: PM:04:49:13/06/2018 ‌

 

ئەمەریکا، کەنەدا  و مەکسیک بەیەکەوە میوانداری مۆندیالی 2026 دەکەن و ئەو بڕیارەش لە لایەن ئەم سێ وڵاتەوە لە کۆنگرەی فیفا پێشکەش کرا و توانی زۆرینەی دەنگ بە دەست بێنێت.

 

200ئەندامی فیفا بەشداریان لە دەنگدانەکە کرد و 67%ی بەشداربووان دەنگیان بە پێشنیاری سێ وڵاتەکە دا. مەغریبیش یەکێکی تر بوو لە پاڵیوراوان بۆ میوانداری مۆندیال بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

 

ئێستە خولی بیست و یەکەمی مۆندیال لە رووسیا بەڕێوەدەچێت خولی داهاتوو لە ساڵی 2022لە قەتەڕ و خولی بیست و سێیەمی ئەو مۆندیالەش بۆ یەکەم جار بە هاوبەشی لە سێ وڵاتی دراوسێ بەڕێوەدەچێت. کۆنگرەکەی فیفا لە بەرەبەری دەستپێکردنی مۆندیالی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

 

گۆڕانکارییەکی تر لە مۆندیالی 2026دا کراوە و ئەویش بریتییە لەوەی ژمارەی هەڵبژاردەکانی بەشداربوو لە مۆندیال لە 32هەڵبژاردەوە بۆ 48هەلبژاردە زیادی کردووە.

 

پێشتر مەکسیک لە ساڵی 1970 و 1986 میوانداری مۆندیالی کردووە. ئەمەریکاش لە ساڵی 1994میوانداری مۆندیالی کرد و کەنەداش بۆ یەکەم جارە دەچێتە لیستی ئەو وڵاتانەی یارییەکانی مۆندیالی تێدا بەڕێودەچێت.

سەرچاوە/رادیۆفەردا




وشە - سلێمان تاشان