لە دهۆك دروستكردنی تاسەیەك هەرا دەنێتەوە

:: PM:05:41:13/06/2018 ‌
لەناو سەنتەری شاری دهۆك تاسەیەك لەسەر یەكێك لە شەقامە خێراكان دروست كراوە كە تێچوەكەی نزیكەی چوار ملیۆن دینارە، ئەم تاسەیە بووەتە مایەی گاڵتەوگەپ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری پاراستنی پڕۆژەكان لە دهۆكیش دەڵێت ئەگەر تەنگژەی دارایی نەبوایە، تاسەی زیاتریان دروست دەكرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، سەڵاح سندووری بەرێوەبەری پاراستنی پڕۆژەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، دروستكردنی تاسەیەكی جیا لە تاسەكانی پێشوو لەناو سەنتەری شاری دهۆك یەكێكە لە كارە گرنگ و سەرنجراكێشەكان و لە هەموو دنیا بوونی هەیە.

بەرێوەبەری پاراستنی پڕۆژەكان دەڵێت، تاسەكە بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك لە نزیك پردی كوردستان و مازی مووسڵ دروست كراوە، چونكە نزیكە لە چەند شوێنێكی گەشتوگوزاری، هەروەها سێ بەشە ناوخۆیی قوتابیان هەیە، جگە لەوەی شوێنەكە هاتوچۆی تێدا زۆر خێرایە و پێشتر لە شوێنی ئەو تاسەیە دوو قوتابی كچی بەشە ناوخۆییەكانی دهۆك گیانیان لەدەست داوە و كورە خوێندكارێكی تریش بریندار بووە.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەو تاسەیە یەكێكە لە كارە جیاواز و هەرە نایابەكانی كوردستان و ئەگەر تەنگژەی دارایی نەبووایە، تاسەی تری هاوشێوە لەنێو سەنتەری شاری دهۆك دروست دەكرێت و ئێستا نیازمان وایە تاسەیەكی تری هاوشێوە لەنزیك ڕزكا دروست بكەین.

ئەو تاسەیە بەنزیكەی 10سم بەرزی لەسەر شەقام دروست كراوە و درێژی تاسەكە 12م و پانیەكەشی شەش مەترە و شوێنی تایبەت بۆ تێپەڕبوونی هاووڵاتییان و كەمئەندامان هەیە، هەروەها ئەم تاسەیە دیمەنێكی جوانی بەخشیوە بە شەقامەكە و زۆریش بەهێز دروست كراوە و رێژەیەكی زۆری ئاسن تێدا بەكارهێنڕاوە، ئەو بەرپرسەی بەرێوەبەرایەتی پاراستنی پرۆژەكان وای گوت.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی پرۆژەكان لە دهۆك هەشت تاسە لەگەڵ رەمپەیەكی مۆدێرن و 50 تاسەی پلاستیكی و 100 تاسەی نۆڕماڵ لەلایەن ئەوانەوە لەنێو سەنتەری شاری دهۆك دروست كراون.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



























وشە - رامیار جەواد