توركیا داوا لە عێراق دەكات بۆ لەناوبردنی پەكەكە هاوكاری بكات

:: PM:06:26:13/06/2018 ‌

مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی چەند جارێك بە عێراقی راگەیاندووە كە بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسەر خاكەكەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا و داوا لەبەغدا دەكات بۆ ئەو مەبەستە هاوكاری وڵاتەكەی بكات.

چاوەیشئۆغڵۆ ئەمڕۆ چوارشەم لە دیدارێك لەگەڵ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی توركیا دووپاتی لە پێویستی پاككردنەوەی قەندیل لە چەكدارانی پەكەكە كردەوە و ئاماژەی كرد كە پێویستە توركیا و عێراق هاوكار بن بۆ لەناوبردنیان وەك چۆن داعشیان لەناو برد.

وەزیری دەرەوەی توركیا زیاتر گوتی، توركیا لە راوەدوونانی پەكەكە بەردەوام دەبێت لە سووریا یان لە عێراق بێت و وڵاتەكەی هیچ بژارەیەكی تری نییە بێجگە لە لەناوبردنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و لەبارەی ئەگەری هێرشێكی سەربازی توركیا بۆ سەر قەندیل، گوتی، لایەنە سەربازییەكان و پێوەندیدارەكان لە كارەكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن و سەرانی توركیا لە نوێترین پێشهاتەكان ئاگەدار دەكەنەوە. 

ئەمڕۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە كە ئەنكەرە داوای هاوئاهەنگی و پشتیوانی لە حكوومەتی تاران كردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی بەرفراون بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لە قەندیلی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و توركیا و ئێران. 


دوای هەڕەشەكانی توركیا بە هەڵكوتانە سەر قەندیل كە هەریەك لە عێراق و ئێران لەو پرسەیە ئاگەدارن، دوێنێ سێشەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەكانی ئەنقەرەی لەو بارەوە بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەقەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە هیچ رێككەوتننێكیان لەوبارەوە لەگەڵ توركیا نییە.

عەبادی لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی لە بەغدا گوتی، قسەكانی توركیا لەبارەی هەڵمەتی راوەدوونانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنە و دووپاتی كردەوە، هیچ رێككەوتننێكان لەگەڵ توركیا نییە لەبارەی ئەو هەڵمەتە سەربازییەی توركیا لەناو خاكی عێراق جێبەجێیان دەكات.

بەم دواییە بەرپرسانی باڵای توركیا هەڵمەتێكی راگەیاندنیان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵمەتی سەربازی توركیا بۆ سەر بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە قەندیل دەست پێ كرد، ئەوەش لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی توركیا كە بەپێی سەرچاوەكان بۆ راكێشانی دەنگی توندڕۆیانی توركە بۆ دەنگدان بەئەردۆغان. 

دوێنێ نورەدین جانیكلی وەزیری بەرگریی توركیا رای گەیاند كە هێزەكانی توركیا رەزامەندی عێراق و ئێرانیان وەرگرتووە لە هەڵمەتە سەربازییەكانیان بۆ سەر پەكەكە لەناو خاكی عێراق، دووپاتی كردەوە كە ئێرانییەكان بەئاشكرا پاڵپشتی لە پرۆسەكە دەكەن و عێراقییەكانیش رازین. 

سەرچاوە/ شەفەق نیوز






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل