به‌وێنه‌.. بزانه‌ هانى له‌ ناو قه‌ڵاى هه‌ولێر خه‌ریكى چییه‌؟

چه‌ند ڕۆژێكه‌ هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد "هانی موجته‌هیدی"، دواى ئه‌وه‌ى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و هه‌رجاره‌ و له‌ شوێنێكه‌وه‌ وێنه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌كان دروست كردووه‌ به‌هۆی شوێنی سه‌ردانییه‌كانی.

هانی، وه‌ك خۆى ئاشكراى كردووه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا نوێترین گۆرانیی خۆی بڵاو بكاته‌وه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئێسته‌ دانیشتووی ئه‌ڵمانیایه‌ و مانگی ڕابردوو به‌ مه‌به‌ستی سازكردنی كۆنسێرتێك له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا گۆرانییه‌كی نوێ بڵاو ده‌كاته‌وه.

ئه‌و خانمه‌ گۆرانیبێژه‌، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى ئینستاگرام چه‌ند وێنه‌یه‌كى نوێى له‌ناو قه‌ڵاى هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خه‌ریكى كارى نوێیه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر گۆرانییه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئینستاگرام)دا، نووسیویه‌تی"به‌م زووانه‌ چاوه‌ڕوان بن، له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی میوزیك كارده‌كه‌ین".

هانی وه‌ك هه‌موو كاتێك له‌ وێنه‌كاندا به‌ ستایلێكی جیاوازه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌م خانمه‌ چه‌ندان به‌رهه‌می تایبه‌ت و جیاوازی هه‌یه‌ و ده‌نگێكی تایبه‌تی هه‌یه‌.

هانی له‌ شاری سنه‌ له‌ ڕۆژھه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه‌ و ھه‌ر له‌و شاره‌یش گه‌وره‌ بووه‌.له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ھه‌ر له‌و شاره‌ خوێندوویه‌تی تا گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام ھانی له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانی تر جیاواز بووه‌ و ھه‌ر به‌ ته‌نیا بووه‌ و ھه‌ر به‌ته‌نیایش یاری كردووه‌. ھه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ شانۆگه‌ری كردووه‌ و گۆرانی گوتووه‌ وه‌ك ھانی خۆشی ده‌ڵێت، ئێسته‌یش ھه‌ر به‌ خه‌یاڵی منداڵییه‌وه‌ ده‌ژیت، له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ شیعر و په‌خشانی نووسیوه‌ و ده‌ستی وێنه‌كێشانی ھه‌بووه‌ و ڕۆڵی له‌ شانۆگه‌ری گێڕاوه‌، ھانی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئێسته‌ من ھونه‌رمه‌ند نه‌بوومایه‌ ئه‌وا سیاسه‌تمه‌دار بووم، چونكه‌ ماڵباته‌كه‌م ھه‌موویان سیاسین.

له‌ ساڵی 2000ـه‌وه‌ ده‌ستی به‌ گۆرانی گوتن كردووه‌. هانی ده‌ڵێت، خۆشترین سات لای من ئه‌و ساته‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ڕاده‌وه‌ستم گۆرانی ئه‌ڵێم له‌به‌رده‌م ئه‌و خه‌ڵكه‌ی دانیشتوون.


وشە - محەمەد میران


PM:08:30:13/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌